کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا چەند بنکەیەکی ڕێژیمی لە باشووری ئێران کردە ئامانج

10:07 - 17 پووشپەڕ 2726

سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە ١٧ی پووشپەڕ، فەرماندیی ناوەندیی ئەمریکا سێنتکام لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند؛ بەهۆی هێرشی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هۆرمۆز، چەندین هێرشی گەورەمان کردە سەر بنکە سەربازییەکانی ئێران.

سێنتکام ڕایگەیاند، ئەو هێرشانە باجی قورسی کۆماری ئیسلامی بەهۆی هێرش بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان و بەئامانجگرتنی خەدەمەی غەیرە نیزامی لە ڕێگەئاوییە نێونەتەوەییەکانە.

ئەو ناوەندە سەربازییەی ئەمریکا، هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامیی بە "مەترسیدار، پێشێلکردنی ئاگربەست و بێبنەما" زانیوە.

ئاکسیۆس لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکاییەوە بڵاوی کردەوە کە لەو هێرشانەدا ئەمریکا سیستەمی دژە ئاسمانی، چەندین بنکەی مووشەکی و پەهپادی، دامەزراوە ناوکی و سەربازییەکان، بنکەی مووشەکی زەوی بە ئاسمان، بنکەی مووشەکی کرووزی دژەکەشتی و چەند سەکۆی مووشەکیی ڕێژیمی لە باشووری ئێران کردووەتە ئامانج.

هەواڵدەریی "مێهر" و دەنگوڕەنگی ڕێژیم هاوکات ٧ تەقینەوەی بەهێز لە دەوروبەری ئاوایی "تاهروویی" سەر بە شاری سیریک و ٦ تەقینەوە لە دەوروبەری شاری قشمیان پشتڕاست کردەوە.

هەروەها ئێسکان نیوز لە ڕاپۆرتێکدا باسی لە هێرشی ئەمریکا بۆ سەر بنکەی هێزی ئاسمانیی ڕێژیم لە بەندەرعەباس کرد.