دوابەدوای گرژی و ئاڵۆزییەکانی شەوی ڕابردوودا و هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ٧٠ بنکە و دامەزاوەی سەربازیی ڕێژیم لە باشووری ئێران و هەڕەشەی پێچەوانەی قەرارگای خاتەمولئەنبیا لە ئەمریکا، وڵاتانی بەحرەین و کوەیت ئاژیری ئاگادارکردنەوەیان بڵاو کردەوە و ئامادەباشییان ڕاگەیاند.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییە جیهانییەکان، لە دوای ئەو هەڕەشانەی سپای پاسدارانی ڕێژیم، لە بەحرەین ئاژیری ئاگادارکردنەوە بڵاو کراوەتەوە و وەزارەتی نێوخۆیی ئەو وڵاتە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا داوای لە هاووڵاتییانی وڵاتەکەی کردووە کە ئارامیی خۆیان بپارێزن و لە شوێنی ئەمندا پەنا بگرن.
هەروەها ئەرتەشی کوەیت ئاژیری ئاگادارکردنەوەی لێدا و ڕایگەیاند: "ڕووبەڕووی هێرشە مووشەکی و دڕۆنییەکانی ئێران دەبینەوە".
هەروەها ئەرتەشی کوەیت ڕایگەیاند: "سیستەمی دژە ئاسمانیی وڵاتەکەمان لە هەوڵی بەرپەرچدانەوەی ئەو هێرشانەدان".
پێشتریش ئەمریکا هەڕەشەی لە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی کردبوو کە ئەگەر وڵاتانی ناوچەکە و کەشتییە بازرگانییەکان بکاتە ئامانج، ئەوا بە توندترین شێوە وڵام دەدەنەوە.