کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قەرارگای خاتەمولئەنبیا: وڵامی توندی هێرشەکانی ئەمریکا دەدەینەوە

16:27 - 17 پووشپەڕ 2726

قەرارگای خاتەمولئەنبیا سەر بە سپای تێرۆریستیی پاسداران هەڕەشەی توندی لە ئەمریکا کرد و ڕایگەیاند: "بەهۆی هێرشەکانی شەوی ڕابردووی ئەمریکا بۆ سەر بنکە سەربازییەکانمان لە باشووری ئێران، وڵامێکی توندی ئەو وڵاتە دەدەینەوە".

ئەمڕۆ چوارشەممە ١٧ی پووشپەڕ، قەرارگای خاتەمولئەنبیا لە ڕاگەیەندراوێکدا باسی لەوە کرد کە هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر باشووری ئێران هاوکاتە لەگەڵ بەڕێکردنی تەرمی خامنەیی بۆ عێراق و ئەوەش لەلایەن هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامییەوە بێ وڵام نامێنێتەوە.

هەروەها ئەو قەرارگایە پێداگریی لەسەر شەڕەنگێزییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی کردەوە و وتی: "لە هیچ بارودۆخێکدا ڕێگە بە دەستێوەردانەکانی ئەمریکا لە بەڕێوەبردنی گەرووی هۆرمۆز نادەین و دەبێت کەشتییە بازرگانییەکان تەنیا لەو ڕێگەیەوە هاتوچۆ بکەن کە ئێمە دیاریمان کردووە".

لە ماوەی دوو حەفتەی ڕابردوودا، سپای پاسدارانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی زیاتر لە ٥ کەشتیی بازرگانییان لە گەرووی هۆرمۆز لەوانەش نەوتهەڵگرەکانی قەتەر و عەرەبستان کردووەتە ئامانج و ئەوەش تووڕەیی وڵاتانی کەنداو، ناوچەکە و جیهانی لێ کەوتەوە.

پێشتر دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا هۆشداریی دابوویە ئێران کە ئەگەر لە ڕێگەی دیپلۆماسییەوە نەگەنە ڕێککەوتن، واشنگتۆن ئامادەیە ژێرخانەکانی ئەو وڵاتە لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا بەتەواوی خاپوور بکات.