کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەهۆی شەڕ و پێکدانانەوە چەکدارێکی ڕێژیم لە سیستان و بەلووچستان کوژرا

13:39 - 10 پووشپەڕ 2726

لە درێژەی شەڕ و پێکدادانە سەربازییەکانی نێوان هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم و هێزێکی چەکداری دیکە لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان، هێزی ئینتیزامیی ڕێژیم کوژرانی چەکدارێکی خۆی لەو شەڕەدا  پشتڕاست کردەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە ١٠ی پووشپەڕ، هێزی سەرکوتکەری ئینتیزامیی ڕێژیم لە بەیاننامەیەکدا، کوژرانی چەکدارێکی پلەداری خۆی بە ناوی محەممەد پەلەنگی بە پلەی ستوان دووهەم لە شارستانی سیب و سوورانی سیستان و بەلووچستانی بڵاو کردەوە.

لە ماوەی ئەم چەند حەفتەی ڕابردووەدا شەڕ و پێکدادان لەنێوان هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم و هێزێکی چەکدار پەرەی سەندووە و بە وتەی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم "جەیشولعەدل" لە پشتی ئەو هێرشانەوەیە.

شایانی باسە هەتا ئێستا ڕێکخراوی جەیشولعەدل ئەو هێرشەی نەگرتووەتە ئەستۆ.