ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "هەنگاو" لە نوێترین ڕاپۆرتی ئاماریی خۆیدا لەسەر پێشێلکردنی مافەکانی ژنان لە نیوەی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٦، پەردەی لەسەر شەپۆلێکی بەربڵاوی سەرکوت، سێدارە و دەسبەسەرکردنی سیستماتیک لادا.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، لەم ماوەیەدا سزای سێدارەی ٩ ژن جێبەجێ کراوە و ٤ چالاکوانی دیکەش سزای مەرگیان بەسەردا سەپاوە.
لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، لانیکەم ۴۶ چالاکی ژن لەلایەن دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیمی ئێرانەوە سزای لەسێدارەدان، بەندکران، لێدانی قامچی و بەندکرانی هەڵپەسێردراویان بەسەردا سەپێندراوە.
هەروەها نزیکەی ٥ هەزار ژن دەسبەسەر کراون کە بەهۆی پچڕانی هێڵەکانی ئینتێرنێت لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانبار و شەڕی ئەمریکا و ئێرانەوە، تەنیا ناسنامەی ٣٦٨ کەسیان ئاشکرا کراوە و لە نێویاندا ٧٠ کورد و ٢٣ کچی خوار ١٨ ساڵ هەن.
ڕاپۆرتەکە ئاماژە بە کوژرانی ٢٥٠ ژن لە خۆپیشاندانەکانی ڕابردوو و ٢ کچ بەهۆی شادیدەربڕین بۆ کوژرانی خامنەیی دەکات.
هاوکات لە پێکدادانە چەکدارییەکان و بۆردومانەکانی سەر باشووری کوردستان، ٥ پێشمەرگە و گەریلای ژن شەهید بوون.
لە ڕەهەندێکی دیکەشدا، ٤٥ حاڵەتی ژنکوژی تۆمار کراوە کە زۆربەیان بەهۆی کێشەی بنەماڵەیی و یاسا پیاوسالارەکانەوە بوون.
هەنگاو جەخت دەکاتەوە کە کۆماری ئیسلامی دوای بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"، سیاسەتی ئاپارتایدی ڕەگەزی و پەراوێزخستنی ژنانی گەیاندووەتە بەرزترین ئاستی خۆی.