کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڤانس: پێشێلکردنی ئاگربەست لەلایەن ئێرانەوە، وڵامێکی قورستری لێ دەکەوێتەوە

09:00 - 18 پووشپەڕ 2726

جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆککۆماری ئەمریکا ڕایگەیاند کە ڕێککەوتنی کاتیی نێوان واشنگتۆن و تاران لەسەر بنەمای ڕاگرتنی هێرشەکان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان و کراوەهێشتنەوەی گەرووی هۆرمۆز بووە.

ناوبراو هۆشداریی دا کە ئەگەر ڕێژیمی ئێران دیسان هێرش بکاتە سەر کەشتییەکان، ئەمریکا توندتر لە هەمیشە وڵام دەداتەوە.

ڤانس ڕوونی کردەوە کە تاران سەرەتا بەڵێنی ڕاگرتنی هێرشەکانی دابوو و نزیکەی حەفتەیەک پێبەند بوو، بەڵام لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا هێرشەکانی دەست پێ کردووەتەوە.

ناوبراو جەختی کردەوە: "ڕێککەوتنەکە سادەیە؛ ئەگەر تەقە لە کەشتییەکان بکەن، ئێمە دەیانهاڕین. ئەوە سیاسەتێکە کە ئێمە گرتوومانەتە بەر."

هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە ئەرتەشی ئەمریکا بە زۆرترین هێزەوە، بەرنامەی ئەتۆمیی ئێرانی لەنێوبردووە، ئەمەش وایکردووە هەندێک کەس لە نێوخۆی ئێراندا داوای گۆڕینی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەمریکا بکەن.

ڤانس جەختی لە گرنگیی کراوەهێشتنەوەی گەرووی هۆرمۆز بۆ پاراستنی بازاڕی وزە و ئابووریی جیهان کردەوە و وتی: "ئەگەر ئێرانییەکان هەوڵی داخستنی گەرووەکە بدەن، ڕێک هەمان ئەو شتەیان بەسەر دێت کە شەوی ڕابردوو ڕووی دا؛ ئەم پرۆسەیەش تا ڕاگرتنی تەواوی هێرشەکان بەردەوام دەبێت."

ڤانس هەڕەشەی کرد کە ئەم پرۆسەیە تا ئەو کاتە بەردەوام دەبێت کە گەرووی هۆرمۆز دەکرێتەوە و هێرشەکانی سەر کەشتییەکان ڕادەگیرێن.