دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا ڕایگەیاند کە تاران دوای دەستپێکردنەوەی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا، پەیوەندیی پێوە کردوون و پێداگرانە بەدوای ڕێککەوتندا دەگەڕێت.
ترامپ لە ناو فڕۆکەی سەرۆکایەتیدا بە ڕۆژنامەنووسانی وت: "ئەوان زۆر دەیانەوێت مامەڵە بکەن و کەمێک لەمەوبەر پەیوەندییان کرد، بەڵام نازانم ئایا شایستەی ڕێککەوتنن و پێبەندی دەبن یان نا؛ کێشەکە لێرەدایە."
ترامپ داکۆکیی لە هێرشەکانی واشنگتۆن کرد و وەک وڵامێک بۆ هێرشەکانی ئێران بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هۆرمۆز وەسفی کردن.
ناوبراو هۆشداریی دا کە ئەمریکا لێرە بەدواوە زۆر توندتر وڵام دەداتەوە و ڕایگەیاند: "هەر جارێک ئەوان هێرش بکەن، ئێمە بە ڕێژەی ٢٠ بە ١ وڵامیان دەدەینەوە."
سەبارەت بە ئەگەری گۆڕانی ئەم گرژییانە بۆ شەڕێکی هەمەلایەنە، ترامپ وتی "نازانم"، بەڵام جەختی کردەوە کە ئەمریکا پێشتر بە ئامانجە سەربازییەکانی خۆی گەیشتووە و ئێستاش ئێران شتێکی ئەوتۆی بۆ لەدەستدان نەماوە.
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە ئاستی ئامادەباشی و گرژییە سەربازییەکان لە ناوچەکەدا گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی خۆی.