کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێرشی مووشەکیی بەربڵاوی سپای پاسداران بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە

09:07 - 18 پووشپەڕ 2726

دوای هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر دەیان ئامانج لە نێوخۆی ئێران، سپای تێرۆریستیی پاسداران بەرەبەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە بە هەڵدانی دەیان دڕۆن و مووشەکی بالستیک، بنکە سەربازییەکانی ئەمریکای لە ناوچەکەدا کردە ئامانج.

تلویزیۆنی فەرمیی بەحرەین و ئەرتەشی کوەیت چەندین تەقینەوە و چالاکبوونی سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی خۆیان لە دژی مووشەک و دڕۆنەکانی ڕێژیم پشتڕاست کردەوە.

هاوکات، دەنگی چەندین تەقینەوەی بەهێز لە مەنامەی پایتەختی بەحرەین بیستراوە و زەنگی ئاگاداری لە کوەیت، بەحرەین و قەتەر لێدراوە.

میدیاکانی ڕێژیمی ئێران ڕایانگەیاندووە کە بنکەکانی ئەمریکا لە بەحرەین، کوەیت و ئۆردۆن کراونەتە ئامانج.

سپای تێرۆریستیی پاسداران ڕایگەیاندووە کە پێشتریش ٨٥ خاڵی گرنگی سەربازیی ئەمریکای لە بەندەری سەلمان، فەرماندەیی پێنجەمی هێزی دەریایی لە بەحرەین و بنکەی ئاسمانیی عەلی ئەلسالم لە کوەیت پێکاوە.

تا ئێستا بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییەکان، هیچ زانیارییەک لەسەر زیانی گیانی و دارایی لەو سێ وڵاتەدا بڵاو نەکراوەتەوە و هێزە ئاسمانییەکان لە حاڵەتی ئامادەباشیدان.