بەدوای ڕاگەیاندنی کۆتاییهاتنی ئاگربەستی کاتی لەلایەن دۆناڵد ترامپەوە، ئەرتەشی ئەمریکا خولێکی نوێ و بەربڵاوی لە هێرشە ئاسمانی و دەریاییەکان بۆ سەر نێوخۆی ئێران دەست پێ کرد.
میدیا فەرمییەکانی ئێران بڵاویان کردەوە کە چەندین شاری کەناراوی لە باشووری ئەو وڵاتە بە چڕی بۆردومان کراون.
لە چابەهار و کەنارەک پتر لە ١٠ تەقینەوەی بەهێز بیستراوە و فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئەمریکا بنکەی دەریایی "ئیمام عەلی"ی سەر بە سپای پاسدارانیان پێکاوە کە بووەتە هۆی پچڕانی سێ هێڵی سەرەکیی کارەبای چابەهار.
هاوکات، سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانی لە بەندەرعەباس چالاک بوون و دەنگی تەقینەوە لە سیریک، جاسک و دوورگەی ئەبوومووسا بیستراوە.
هەواڵدەریی "مێهر"یش پشتڕاستی کردەوە کە ئەمریکا بەشگەلێک لە وێستگەی ئەتۆمیی بووشەهر و بنکەیەکی نیزامیی سپای لەو شارەدا کردووەتە ئامانج.
هەروەها هەواڵدەریی فارس ڕایگەیاند کە پردی "ئاق تکەخان" کە دەکەوێتە سەر هێڵی شەمەندەفەر لە سنووری ڕۆژاوای شاری "ئاققەڵا"ی پارێزگای گوڵستان بە چەندین مووشەک بە ئامانج گیراوە.
فەرماندەیی ناوەندیی ئەرتەشی ئەمریکا (سێنتکام) ڕایگەیاند ئەم هێرشانە بە مەبەستی لاوازکردنی تواناکانی تاران لە هەڕەشەکردن بۆ سەر ئازادیی کەشتیوانی لە گەرووی هۆرمۆز و بە بەشداریی چالاکی ناوگان و کەشتییە شەڕکەرەکانی هێزی دەریایی ئەنجام دراون.
سێنتکام ڕێژیمی ئێران بە بەرپرسیاری هێرشە بێ پاساوەکانی سەر کەشتییە بازرگانییەکان دەزانێت.
دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا ڕێککەوتنی ئاگربەستی مانگی ڕابردووی بە کۆتاییهاتوو ناو برد و وتی: "ئەمە تۆڵەی بۆردومانەکەی دوێنێی کەشتییەکانە لەلایەن ئێرانەوە. ئەگەر دووبارە ببێتەوە، زۆر خراپتر دەبێت."
لە بەرانبەردا، سپای تێرۆریستیی پاسداران هۆشداریی دا کە بەمزووانە ئۆپەراسیۆنێکی بەربڵاو دژی بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا ئەنجام دەدات.