کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکیەتیی ئورووپا: ئێران هۆکاری پەکخستنی ڕێککەوتننامەیە

09:23 - 18 پووشپەڕ 2726

یەکیەتیی ئورووپا لە دوای شەڕ و ئاڵوزییەکانی ٤٨ کاتژمێری ڕابردوو لەنێوان ئەمریکا و ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی هۆشداریی دا و ڕایگەیاند؛ هێرشەکانی ئێران جێبەجێکردنی لێکتێگەیشتننامەی نێوان ئەو دوو وڵاتەی دژوارتر کردووە.

ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی پووشپەڕ، کایا کالاس بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا ڕایگەیاند: "هێرشەکانی ئێران دژی بەحرەین، کوەیت و کەشتییەکانی گەرووی هۆرمۆز، دەرفەتەکانی جێبەجێکرانی ڕێککەوتننامەی ئەم دواییانەی نێوان واشینگتۆن و تارانی پەک خستووە".

کالاس ڕاشیگەیاند هێرشی پێچەوانەی هەر دوو وڵات، ئەو دانوستانانەی دژراوتر کردووە کە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ دەستی پێ کردبوو و کۆماری ئیسلامی هۆکاری سەرەکیی ئەو ڕووداوانەیە.

بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا زیادیشی کرد کە هێرشەکانی ڕێژیمی تاران بۆسەر بەحرەین و کوەیت بۆ قەبووڵکردن نابێت.

هەروەها کالاس ڕوو لە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی وتی: "لە هەر جۆرە هەوڵێک کە دەرفەتەکانی ڕێککەوتننامەی کۆتایی لاواز بکات، خۆی ببوێرێت".