وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ لەوانەش ئەمریکا، لە بەیاننامەی کۆتایی کۆبوونەوەی ئانکارادا پێداگرییان لەسەر خاڵی پێنجەمی پەیماننامەی ئاتلانتیکی باکوور کردەوە کە باس لە بەرگریی هاوبەش دەکات و ڕایانگەیاند؛ هێرش بۆ سەر ئەندامێکی ناتۆ هێرشە بۆ سەر هەموو ئەندامان.
ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی پووشپەڕ، ٣٢ وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ لە بەیاننامەی کۆتایی کۆبوونەوەی ئانکارادا ڕایانگەیاند کە "یەکگرتوویی و هاوپێوەندی و هێزی بەکۆمەڵی ناتۆ، هەر لە حاڵەتی ئاشتی، ئەمنییەت و ئاسایشدا دەمێنێتەوە".
لەو بەیاننامەیەدا بۆ جارێکی دیکە پشتیوانیی خۆیان لە ئۆکراین دەربڕی و ڕایانگەیاند؛ ٣٢ وڵاتی ئەندام لە پەیماننامەی ناتۆ، پشتیوانییەکانیان لە ئۆکراین لە بەرانبەر هێرشی سەربازیی ڕووسیە درێژە پێ دەدەن.
لەو ڕەوتی ئەو کۆبوونەوەدا، دۆناڵد ترامپ دڵنیایی بە هاوپەیمانەکانی لە ناتۆ دا کە وڵاتەکەی خواستی چوونەدەرەوەی لە ناتۆ نییە و ڕایگەیاند؛ "ئێمە لەگەڵتان دەمێنینەوە".
ئەوە لەکاتێکدایە کە پێشتر دۆناڵد ترامپ ڕەخنەی لە ساردبوونی هاوپەیمانان بۆ بەشداری لە کردنەوەی گەرووی هۆرمۆز گرتبوو.
هەروەها مارک ڕوتە، سکرتێری گشتیی ناتۆ، لە کۆبوونەوەی ناتۆ لە ئانکارا ڕایگەیاندبوو کە کۆماری ئیسلامی لە پاڵ ڕووسیە، چین و کۆرەی باکووردا، بەشێکە لەو هەڕەشانەی پێویستیان بە ڕووبەڕووبوونەوەی خێراتری ناتۆ هەیە.