کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سپای پاسداران: بنکە گرینگەکانی ئەمریکامان لە کوەیت و بەحرەین کردووەتە ئامانج

09:49 - 18 پووشپەڕ 2726

سپای تێرۆریستیی پاسداران لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند؛ هێزی دەریایی و هەوافەزا لە هێرشێکی هاوبەشدا لە ڕێگەی مووشەک و دڕۆنەوە ژێرخانە گرنگەکانی هەرکام لە بنکەکانی عەریفجان و عەلەلسەلامی لە کوەیت و جەفیر و شێخ عیسای لە بەحرەین کردووەتە ئامانج.

سەرلەبەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی پووشپەڕ، سپای پاسداران لە بەیاننامەیەکدا لەژێر ناوی "لە وڵامی پەیمانشکێنی و دەستدرێژکاریی ئەرتەشی منداڵکوژی ئەمریکا" ڕایگەیاند: " هۆشداری بە ئەمریکای منداڵکوژ دەدەین کە لە ئەگەری دووبارەبوونەوەی هێرشەکانیان، هێرشی توندتر دەکەینە سەر بنکەکانی دیکەشیان لە ناوچەکە".

هەروەها لە درێژەی شەڕەنگێزییەکانی ڕێژیمی تاران دژ بە وڵاتانی ناوچەکە، سپای پاسداران بۆ جارێکی دیکە لە کاتژمێری ٨ و ٣٠ خولەکی ئەمڕۆدا، بنکەکانی ئەمریکای لە ناوچەکە لەوانەش سیستەمی پاتریۆت لە کوەیت، دەکەڵی ماهوارەیی لە قەتەر، پاشەکەوتی سووتەمەنیی ئەرتەشی ئەمریکا لە بەحرەینی بە دڕۆن کردەوە ئامانج.

ستادی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: "لەژێر بڕیاری فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکان، بە هەموو هێزەوە و لەژێر کاریگەریی هیچ دۆخێکدا ڕێگە بە بەدیهاتنی ئامانج و ئاواتەکانی سەرۆککۆماری بێ ئەقڵی ئەمریکا نادەین و هەتا سەرکەوتنی کۆتایی لە ئامانجەکانمان دەست هەڵناگرین".

شایانی باسە لە بەرانبەردا، ئەرتەشی ئەمریکا لە ماوەی ٤٨ کاتژمێری ڕابردوودا نزیک بە ١٠٠ بنکەی گرنگی سەربازیی ڕێژیمی تارانی لە باشووری ئێران و گەرووی هۆرمۆز کردووەتە ئامانج و هەتا ئێستا زیاتر لە ١٢ چەکداری ڕێژیم بەو هۆیەوە کوژراون و دەیان کەسی دیکەش بریندار بوون.