کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیم ئورووپای بە هاودەستیی ئەمریکا تاوانبار کرد

10:04 - 18 پووشپەڕ 2726

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیم لە دژکردەوە بە لێدوانەکانی مارک ڕوتە، سکرتێری گشتیی ناتۆ ڕایگەیاند کە لێدوانە یەک لە دوای یەکەکانی لەبارەی بەشداریی وڵاتانی ئورووپایی لە شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لە دژی ئێران دەرخەری ئەوەیە ئورووپا لەو شەڕەدا بێلایەن نەبووە.

ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی پووشپەڕ، ئیسماعیل بەقایی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیم لە کاردانەوەیەکی تونددا هەڕەشەی لە وڵاتانی ئورووپایی کرد و وتی: "بەهۆی پشتیوانیکردن لە ئیسرائیل و ئەمریکا، ئورووپا دەبێت وڵامدەر بێت".

بەقایی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی: "ئەو وڵاتانەی خاک، بنکە و ژێرخانەکانیان لە خزمەتی ئەمریکا داناوە هەتا هێرش بکاتە سەر ئێران، ناتوانن لەژێر بەرپرسایەتیی هاودەستیی خۆیان و پێشهاتەکانی هەڵبێن".

مارک ڕوتە، سکرتێری گشتیی ناتو پێشتر ئاماژەی بەوە کردبوو هەرچەندە کردەوەی ئەمریکا بەرنامەی ئەتۆمی و مووشەکیی تارانی بەشێوەیەکی بەرچاو لاواز کردووە، بەڵام ناتۆ نابێت خافڵ بێت و دەبێت هەمیشە هوشیار بمێنێتەوە.

هەروەها ناوبراو لە ئانکارا ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامی لە پاڵ ڕووسیە، چین و کۆرەی باکووردا، بەشێکە لەو هەڕەشانەی پێویستیان بە ڕووبەڕووبوونەوەی خێراتری ناتۆ هەیە.