ماڵپەڕی "ئاکسیۆس" لە زاری چەند بەرپرسێکی ئەمریکاییەوە ڕاگەیاندووە کە کۆشکی سپی خۆی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەیەکی سەربازیی چەند ڕۆژە یان چەند حەفتەیی لەگەڵ ئێران لەسەر پرسی گەرووی هۆرمۆز ئامادە دەکات.
بەرپرسێکی ئەمریکا وتی: "کەمێک تەمبێیان دەکەین تا بزانن گاڵتە ناکەین."
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، واشنگتۆن دوای دەرچوونی سەدان نەوتهەڵگر لە کەنداودا، ئیتر نیگەرانی بازاڕی نەوت نییە و دەستی بۆ وڵامدانەوە کراوەیە.
ڕاپۆرتەکە دەڵێت کۆشکی سپی پێی وایە ئێستا مەیدانی زیاتری بۆ پەرەپێدانی گرژییەکان لەبەر دەستدایە، چونکە لە چەند حەفتەی ڕابردوودا سەدان نەوتهەڵگر توانیویانە لە گەرووەکەوە بچنە دەرەوە و نیگەرانییەکان لە بەرزبوونەوەی دەستبەجێی نرخی نەوت کەم بوونەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، گرژییەکانی ئێستا نیشانەی ناڕەزایەتیی باڵە توندڕەوەکانی نێو پێکهاتەی دەسەڵاتی لێکترازاوی ئێرانە کە پێیان وایە لێکتێگەیشتنی واژۆکراو لەگەڵ ئەمریکا، هیچ قازانجێکی ڕاستەقینەی بۆ تاران نەبووە.
ئەو بەرپرسەی ئەمریکا وتی، ئێران بەهۆی گۆڕانی ڕێڕەوی کەشتییەکان بۆ کەناراوەکانی عومان، هەستی بە لەدەستدانی کارتی گوشاری هۆرمۆز دەکرد؛ "ئەوان تەقەیان کرد و ئێمەش وڵامێکی توندمان دایەوە؛ ئەگەر نەگەینە ڕێککەوتنی دڵخوازی خۆمان، هیچ ڕێککەوتنێک ناکەین."
لە بەرانبەردا، محەممەدباقر قاڵیباف، وتووێژکاری باڵای ئێران، ئەمریکای بە زۆرداری تۆمەتبار کرد و هۆشداریی دا کە گەرووی هۆرمۆز تەنیا بە مەرجەکانی تاران دەکرێتەوە.