ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی پووشپەری ١٤٠٥، کاک عەبدوڵڵا ئیسماعیلزادە کەسایەتیی نیشتمانپەروەر و جێگای متمانەی خەڵکی مەهاباد و دەوروبەری لە تەمەنی ٩١ ساڵیدا و بە هۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد.
عەبدوڵڵا ئیسماعیلزادە ساڵی ١٣٣٢ هەتاوی لە گەڵ چەند کەس لە بازاڕییانی شاری مەهاباد یەکەم شانەی حیزبیان دامەزراند و پاش ڕووخانی ڕێژیمی پاشایەتی و دەستپێکی خەباتی ئاشکرای حیزب لە ساڵی ١٣٥٨ بە دامەزرانی کۆمیتەی بازاڕییانی شاری مەهاباد مام عەبدوڵڵا وەک ئەندامی کۆمیتە هەڵدەبژێردرێ. بەدوای پەلاماری کۆماری ئیسلامی و داگیرکردنی شاری مەهاباد لە ناو شاردا مایەوە و بە نهێنی درێژەی بە چالاکی دا. ساڵی ١٣٦٥ لەلایەن ئیتلاعانی مەهابادەوە گیرا و بۆ ماوەی ٢ مانگ لەژێر ئەشکەنجە و ئازاردا بە خۆڕاگری هاتەدەر و لەسەر بیر و باوەری سوورتر مایەوە، لە ساڵەکانی ٧٠ هەتا ٧٣ی هەتاوی چەندین جار داوا کرا بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهاباد و لێپرسینەوە لێ کرا. سەرەنجام هاوێنی ٧٣ی هەتاوی بە سەر ماڵیان دا و قۆڵبەستیان کرد و ڕادەستی زیندانی تاکەکەسییان کرد؛ بۆ ماوەی ٤ مانگ، وێڕای بێحورمەتی و ئازارێکی زۆر ئازاد کرا و ناچار بوو بۆ ماوەی ٢ ساڵ وێڕای هەموو ئەندامانی بنەماڵەی ئاوارەی هەرێمی کوردستانی عێراق بێت . کورێکی مام عەبدوڵڵا بە ناوی سمکۆ ئیسماعیلزادە ماوەی ٢٠ ساڵ پێشمەرگەی حیزب بووە کە ئێستا لە وڵاتی نۆروێژ نیشتەجێیە.
تەرمی ناوبراو ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی پووشپەڕ لە گۆڕستانی باغ فردەوسی مەهاباد بەخاک سپێردرا.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵەی ناوبراوان دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.