کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بلومبێرگ: هاتوچۆی کەشتییەکان لە گەرووی هۆرمۆزدا تا ڕادەیەکی زۆر پەککەوتووە

14:00 - 18 پووشپەڕ 2726

داتاکانی کەشتیڕانی ئاماژە بەوە دەکەن کە لە دوای خولی نوێی هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان و دووەم ڕۆژی لەسەر یەک لە هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئامانجە سەربازییەکان لە باشووری ئێران، هاتوچۆی دەریایی لە گەرووی هۆرمۆزدا تا ڕادەیەکی زۆر ڕاوەستاوە.

هەواڵدەریی "بلومبێرگ" بڵاوی کردووەتەوە کە لە نێوان سەرجەم کەشتییە گەورەکاندا، تەنیا یەک نەوتهەڵگری گەورە کە لەژێر سزاکانی ئەمریکادایە، لەگەڵ کەشتییەکی بارهەڵگر بە ئاڵای کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لە حاڵی جووڵەدا لە کەنداوەوە بەرەو ئاوە نێودەوڵەتییەکان بینراون.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ڕۆژی ڕابردوو تەنیا نزیکەی ١٤ کەشتیی بارهەڵگر لە هەردوو ئاراستەکەوە لە گەرووەکە تێپەڕیون، کە ئەمەش نزمترین ئاستی هاتوچۆیە لە دوای واژۆکردنی لێکتێگەیشتنی ئاگربەستی نێوان ئەمریکا و ئێران لە ١٦ی ژۆئەندا.

ئەمە لەکاتێکدایە کە لە دوای ڕێککەوتنی ئاگربەستەکەوە، بە تێکڕا ڕۆژانە ٣٤ کەشتی لەم گەرووە ستراتێژییەدا هاتوچۆیان دەکرد.