وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر بە فەرمی زانیارییەکانی ئازادکردنی داراییەکانی تارانی ڕەت کردەوە و ڕایگەیاند کە ٦ میلیارد دۆلار لە سەرمایە بلۆکەکراوەکانی ڕێژیمی ئێران نەگوێزراوەتەوە بۆ ئەو وڵاتە.
ناوبراو جەختی کردەوە کە ئەم پارەیە هێشتا لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ساڵی ٢٠٢٣یە و تەنیا بۆ کڕینی کاڵای مرۆیی بەکار دێت.
ئەم ڕەتکردنەوەیەی قەتەر لە کاتێکدایە کە مەسعوود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ڕێژیم، ڕۆژی دووشەممە ٨ی پووشپەڕ ڕایگەیاندبوو کە بەپێی پلانەکان، ٦ میلیارد دۆلار لە کۆی ١٢ میلیارد دۆلارەکەی ئێران لە قەتەر ئازاد دەکرێت و دەگەڕێندرێتەوە.
ئازادکردنی داراییە بلۆکەکراوەکان یەکێک بووە لە مەرجە سەرەکییەکانی تاران بۆ واژۆکردنی لێکتێگەیشتن لەگەڵ ئەمریکادا.
دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکاش حەوتووی ڕابردوو ڕایگەیاندبوو کە ئەو داراییە بلۆکەکراوانەی ئێران ئەگەر ئازادیش بکرێن، دەبێت بۆ کڕینی ماددەی خۆراکی لە جووتیارانی ئەمریکایی بەکار بهێندرێن.
بە وتەی بەرپرسانی ئەمریکا، تا ئێستا هیچکام لە داراییە بلۆکەکراوەکانی ئێران ئازاد نەکراون.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر هەروەها ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی لەگەڵ عومان سەبارەت بە گەرووی هۆرمۆز و تێپەڕبوونی سەلامەتی کەشتییەکان لەم ڕێڕەوە نێودەوڵەتییە گرنگەدا لە هەماهەنگیدایە.