کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تێچووی چارەسەری شیمی‌درمانی لە ئێران ١٠ هێندە زیادی کردووە

16:08 - 10 پووشپەڕ 2726

بڵاوبوونەوەی شەپۆلێکی نوێی گرانیی دەرمان لە ئێران، بارگرانییەکی کەموێنەی خستووەتە سەر شانی نەخۆشەکان.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی "دنیای ئێقتساد"، تێچووی هەر دەورەیەکی چارەسەری شیمی‌درمانی بۆ نەخۆشانی شێرپەنجە، لە ٧ میلیۆن تمەنی دوو ساڵ پێشەوە بۆ نزیکەی ٧٠ میلیۆن تمەن بازدانی بەخۆوە بینیوە.

ئەم قەیرانە کتوپڕە بۆ بەرزبوونەوەی نرخی دراو، کەمبوونی پشکی ئەرزیی دەرمان (لە ٣.٥ میلیارد دۆلارەوە بۆ ٣ میلیارد دۆلار) و گۆڕینی ڕێڕەوی هاوردەکردنی کەرەستەی خاو لە دەریاوە بۆ وشکانی دەگەڕێتەوە کە تێچووی بەرهەمهێنانی چەند هێندە کردووە.

لە لایەکی دیکەوە، شیرکەتەکانی بیمە ئامادە نین ئاخرین ئاستی دیاریکراوی بیمەی خۆیان هاوتای گرانیی بازاڕ زیاد بکەن، بەمەش جیاوازیی نرخەکان ڕاستەوخۆ لە گیرفانی نەخۆشەکان دەردەچێت.

ئامارەکانی بانکی ناوەندیی ئێران نیشانی دەدەن کە هەڵاوسانی کەرتی تەندروستی لە مانگەکانی ڕابردوودا بەتەواوی لە هەڵاوسانی گشتی پێش کەوتووە و تەنیا لە مانگی بانەمەڕدا گەیشتووەتە ٢٣.١٪.

چالاکوانانی ئەم بوارە هۆشداری دەدەن کە بەهۆی قەیرانی نەختینەوە، پڕۆسەی بەرهەمهێنانی دەرمان بەرەو ڕاوەستان دەچێت و نەخۆشە تایبەتەکان دەبنە قوربانیی یەکەم.