لە درێژەی شەڕفرۆشییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و هێرش بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە، سپای تێرۆریستی پاسداران بنکەکانی ئەمریکای لە ئۆردۆن کردە ئامانج.
شەوی پێنجشەممە ١٨ی پووشپەڕ، سپای پاسداران لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە لە "قۆناغی دووهەم"دا وڵامی توندیان بە هێرشەکانی ئەمریکا داوەتەوە و ناوەندی فەرماندەیی کۆنتڕۆڵی ئەمریکا لە ڕۆژاوای ئاسیا و بنکەی ئاسمانیی ئەلئەزرەقیان لە ئۆردۆن کردووەتە ئامانج.
لەو بەیاننامەدا هاتووە کە لەو هێرشەدا ١٠ مووشەکی بالستیک نراوە بەو بنکە ئاسمانییەی ئەمریکاوە.
عەباس عێراقچی هەمان ڕۆژ لە وتووێژێکدا لەگەڵ عازم مونیر، فەرماندەی ئەرتەشی پاکستان هەڕەشەی لە ئەمریکا کرد و ڕایگەیاند؛ ئێمە بە توندترین شێوە وڵامی هێرشەکانی ئەمریکا دەدەینەوە.
لە بەرانبەر ئەو هێرشانەدا، وڵاتانی ئەندام لە شۆرای هاوکاریی کەنداو لە بەیاننامەیەکدا هێرشە مووشەکییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییان لە گەرووی هۆرمۆز مەحکووم کرد و لەسەر هاوپێوەندیی و ڕووبەڕووبوونەوە لەدژی ئەو دەستدرێژییانەی ڕێژیمی تاران پێداگرییان کرد.
لە بەیاننامەی ئەو شۆرایەدا هاتووە کە "لەسەر مافی بەرگریی ڕەوای تاک و بەکۆمەڵی خۆمان سوورین و ئەمنییەتی ئەندامانی ئەم شۆرایە یەکپارچەیە و هەر جۆرە هێرشێک بۆ سەر ئەندامێک، هێرش بۆ سەر هەموو وڵاتانی کەنداوە".