وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی کوەیت ڕایگەیاند کە هێزەکانیان ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی پووشپەڕ، سێ مووشەکی بالستیک، مووشەکێکی کرووز و ١٠ دڕۆنی ڕێژیمی ئێرانمان بە سەرکەوتووییەوە تێکشکاند.
سعوود عەبدولعەزیز ئەلعەتەوان وەزیری بەرگریی کوەیت ڕایگەیاند: "زۆربەی نزیک بە تەواوی هێرشە مووشەکی و دڕۆنییەکانی کۆماری ئیسلامیمان تێکشکاندوون و بەهۆی ئەو هێرشانەوە تەنیا یەک کەس بریندار بووە".
ئەلعەتەوان پێداگریی لەسەر ئەوەش کردەوە کە ئەرتەشی کوەیت بە توانایی و کارایی تەواوە درێژە بە بەرپەرچدانەوەی هەموو هەڕەشە و هێرشەکانی ڕێژیمی تاران دەداتەوە و لە ئامادەباشی تەواودان.
وەزیری بەرگریی کوەیت هەروەها ڕایگەیاند کە لە سەرەتای شەڕی ٤٠ ڕۆژەوە، ٩١٦ دڕۆن، ٣٨٦ مووشەکی بالستیک و ١٦ مووشەکی کرووزی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییان لە ئاسمانی ئەو وڵاتەدا شناسایی کردووە و تێکیان شکاندوون.