کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەزیری دەرەوەی فەرانسە: ئێران بە شکاندنی ئاگربەست هۆکاری هێرشەکانی ئەمریکایە

10:57 - 19 پووشپەڕ 2726

لە درێژەی کاردانەوەی وڵاتانی ناوچە و جیهان بە شەڕی ئەم دواییەی نێوان ئەمریکا و ڕێژیمی تاران، وەزیری دەرەوەی فەرانسە لە تووێژێکدا ڕایگەیاند ئێران بە هێرشکردنەسەر کەشتییە بازرگانییەکانی گەرووی هۆرمۆز و شکاندنی ئاگربەست، هۆکاری سەرەکیی هێرشەکانی ئەمریکایە.

ژان نۆئێل بارۆ وەزیری دەرەوەی فەرانسە، ئەمڕۆ پێنجەشەممە ١٨ی پووشپەڕ، لە وتووێژێک لەگەڵ "تی ئێف ١" لەبارەی هێرشی ئەمریکاوە ڕایگەیاند: "ئەوە ئێران بوو کە بە هێرش بۆ سەر کەشتییەکان لە ڕێگەی ئاویی عومان، بەڵێنی خۆیان شکاند و یاسای نێونەتەوەیی پێشێل کرد".

بارۆ زیادیشی کرد کە "ئێران هۆکاری پێشێلکردنی ڕێککەوتننامەی مانگی پێشووی نێوان واشینگتۆن و تارانە".

ناوبراو لەو وتووێژەدا هۆشداریی بە ڕێژیمی تاران دا و ڕایگەیاند: "دەبێت کۆتایی بەو هەوڵانەتان بێنن و هێرشەکانتان ڕابگرن".

هێزەکانی ئەمریکا لە ماوەی ٤٨ کاتژمێری ڕابردوودا چەندین هێرشی بەربڵاویان دژی ڕێژیمی تاران بەمەبەستی "کەمکردنەوەی توانایی هێرشەکان لە دژی کەشتیوانیی ئازاد لە گەرووی هۆرمۆز" بەڕێوە برد.

هەتا بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، بەهۆی ئەو هێرشانەوە زیاتر لە ١٤ چەکداری ڕێژیم کوژراون و دەیان کەسی دیکەش بریندار بوون.

هەروەها لە بەرانبەردا، سپای تێرۆریستیی پاسداران بنکەکانی ئەمریکای لە کوەیت و بەحرەین کردە ئامانج.

ئەرتەشی ئەمریکا لەوبارەوە ڕایگەیاند کە ئەو هێرشانە هیچ زیانێکی گیانیان بەدواوە نەبووە.