لە درێژەی پێشێلکارییە سیستماتیکەکانی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستاندا، منداڵێکی تەمەن ١٥ ساڵان بە ناوی سام حەسەنی بە تەقەی ڕاستەوخۆ کوژرا و باوکیشی بە سەختی بریندار بوو.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "هەنگاو"، ئێوارەی پێنجشەممە ١٨ی پووشپەڕ، هێزەکانی هەنگی سنووری لە گوندی "دەرەکێ"ی سەر بە شاری سەوڵاوا، ئۆتۆمبێلی بنەماڵەیەکیان بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت دایە بەر دەستڕێژی گولـلە.
ئەم بنەماڵەیە دوای کارکردن لە باخی گێڵاسی خۆیان لە ڕێگەی گەڕانەوەدا بوون کە کراونەتە ئامانج.
لەم ڕووداوەدا، "سام حەسەنی" منداڵی ١٥ ساڵان بەهۆی پێکرانی سەری دەستبەجێ گیانی لەدەست داوە و باوکی، "ئەحسەن حەسەنی"، ڕانی بە سەختی بریندار بووە و ئێستا لە نەخۆشخانەی بووعەلیی مەریوان لەژێر چاوەدێریدایە.
تەقەکردن لە هاووڵاتییان و منداڵان لە کێڵگە و باخە کشتوکاڵییەکانی خۆیاندا، پێشێلکردنی ئاشکرای مافی ژیان (بڕگەی ٦ی پەیماننامەی نێودەوڵەتیی مافە مەدەنی و سیاسییەکان) و پەیماننامەی جیهانیی مافەکانی منداڵە.
بەردەوامیی ئەو تاوانانە و بێدەنگیی سیستمی بەناو دادوەریی ڕێژیم، سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە ئەم هێرشانە نەک هەڵەی تاکەکەسی، بەڵکوو سیاسەتێکی سیستەماتیک بۆ ترساندن، سەرکوتکردن و لێسەندنی مافی ژیان و بژێوی لە خەڵکی کوردستانە.