کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نێتانیاهوو: شەڕ هێشتا کۆتایی نەهاتووە و ئێران نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی

11:06 - 19 پووشپەڕ 2726

بێنیامین نێتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ڕۆژی پێنجشەممە لە ڕێوڕەسمی دەرچوونی خولێکی هێزی ئاسمانیی وڵاتەکەیدا، لەکاتێکدا ستایشی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیل و ئەمریکای دەکرد، ڕایگەیاند کە "شەڕ هێشتا کۆتایی نەهاتووە" و سوێندی خوارد کە ئێران "نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی."

نێتانیاهوو وتی: "مێحوەری ئێران لە هەمیشە لاوازترە، لە کاتێکدا ئیسرائیل لە هەمیشە بەهێزترە. لەگەڵ ئەوەشدا، دەبێت بڵێم شەڕ هێشتا تەواو نەبووە؛ لە پاڵ تەنگەژە کۆنەکاندا، تەنگەژەی نوێش لە حاڵی دەرکەوتندان."

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلی بە هۆکاری پەکخستنی ژێرخانە ئەتۆمییەکان و مووشەکە بالیستییەکانی ئێران زانی و ڕایگەیاند کە ئیسرائیل زانا پلەبەرزەکانی ئەتۆمی و سەرکردە سەربازییەکانی ئێرانی لەنێو بردووە و هاوکات باڵادەستیی ئاسمانیی خۆی بەسەر دوژمنەکانیدا سپاندووە.

ناوبراو جەختی کردەوە: "سیاسەتی ئێمە ڕوونە؛ بە ڕێککەوتن یان بێ ڕێککەوتن، ئێران نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی."

نێتانیاهوو هەروەها ستایشی هاوکارییە سەربازییەکانی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیلی کرد و بە هێزێکی گەورەی ڕو لە گەشە ناوی برد کە ڕێگەی بە هەردوو وڵات داوە ئەو شتە لەنێو ببەن کە ئەو وەک هەڕەشەیەکی دەستبەجێ بۆ سەر ئیسرائیل و جیهانی ڕۆژاوا وەسفی کرد.