سی ئێن ئێن بە پشتبەستن بە دوو سەرچاوەی ئیسرائیلی ڕاپۆرتێکی بڵاو کردەوە کە تێیدا ئاماژەوە بەوە دراوە کە بەپێی زانیارییەکانی یەک حەفتەی ڕابردوو کە ئەمریکامان لێ ئاگادار کردووەتەوە، کۆماری ئیسلامی لە ڕەوتی ڕێوڕەسمی ناشتنی خامنەییدا، گەڵاڵەی تێرۆری دۆناڵد ترامپی داڕشتووە.
بەپێی ڕاپۆرتی سی ئێن ئێن، دوو سەرچاوەی زانیاریی ئیسرائیلی باسیان لە داڕشتنی گەڵاڵەی تێرۆری سەرۆککۆماری ئەمریکا لەلایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە کردووە، بەڵام هەتا ئێستا ڕوون نییە کە کەی و بە چ شێوەیەک ئەو گەڵاڵەیە جێبەجێ دەکرێت.
ناوەندە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا پێشتریش لەبارەی ئەگەری تێرۆری ترامپ لەلایەن هێزە تێرۆریستییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە هۆشداریی جیددییان دابوو.
ئەوە لە کاتێکدایە کە محەممەدباقر قاڵیباف، سەرۆکی مەجلیسی ڕێژیم و سەرۆکی تیمی دانوستانکار، ڕۆژی یەکشەممە ١٤ی پووشپەڕ پێداگریی لەسەر تۆڵەسەندنەوەی خوێنی خامنەیی کردەوە و ڕایگەیاند؛ لەگەڵ ئەمریکا ئاشتییەک لەئارادا نییە.
بە هەمان شێوە، ئەمیر حاتەمی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی ئەرتەشی ڕێژیم و ئەحمەد وەحیدی فەرماندەی گشتیی سپای تێرۆیستیی پاسداران هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوەی عەلی خامنەییان لە ئەمریکا و ئیسرائیل کردبوو.
هاوکات پێشکەشکاری دەنگوڕەنگی ڕێژیم لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا ڕاستەوخۆ باسی لە تێرۆری ترامپ لە ئانکارا کرد و ڕایگەیاند: "سەرۆککۆماری ئەمریکا لەپاڵ گوێی خۆماندایە و کوشتنی ئەو سەگە گڵاوە زۆر ئاسانە و دەبێت بە دڵنیاییەوە بکوژرێت".