بەداخەوە ڕۆژی چوارشەممە ۱۰ـی پووشپەڕی ۱٤۰٥ـی هەتاوی کاک حاجی "ئەحمەد عەزیزی"، خەڵکی ئاوایی گوندەوێڵە، بەهۆی نەخۆشییەوە لە تەمەنی ٨٠ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
حاجی ئەحمەد عەزیزی کە بە بنەماڵەی خاوەر بە ناوبانگن یەکێک لەو ئەندامە نهێنییانەی حیزب بوو کە لە بڕگەیەک لە ژیانی خۆیدا بەرگی پیرۆزی پێشمەرگایەتیشی پۆشی.
کاک ئەحمەد عەزیزی بەهۆی بارودۆخی بنەماڵەکەی و پاشەکشەی حیزب لە شارەکان دیسان وەک ئەندامی چالاک و دڵسۆزی حیزب تا دواهەناسە لە نێوخۆی کوردستان کار و تێکۆشانی خۆی بەنهێنی بەڕێوە برد.
کاک ئەحمەد لە شەڕەکانی (بێژاوێ و سەری گوڵبەندان گەڵی خووروشۆ و چەشمەگۆل بەشداری کردووە.
جێگای ئاماژەیە خوالێخۆشبوو لە ساڵی ١٣٦٥ لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کرا بۆ ماوەی ساڵێک ڕەوانەی زیندانی ورمێ کرا.
کاک ئەحمەد لە ناوچەی حەسەننوران لە ئاوای گوندەوێڵە وەک کەسایەتیی دیاری شنۆ بۆ سوڵح و ئاشتی ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبوو.
کاک ئەحمەد تا دوایین هەناسەکانی ژیانی لە خزمەت خەڵکی ناوچەی شنۆدا بوو.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.