مای ساتۆ، ڕیپۆرتنێری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان، بە دەربڕینی نیگەرانیی قووڵی خۆی لە دۆخی قەیراناویی ئێران ڕایگەیاند کە خەڵک جارێکی دیکە لە نێوان ئاگری هێرشە دەرەکییەکان و سەرکوتی دڕندانەی کۆماری ئیسلامیدا گیریان خواردووە.
ئەم لێدوانانە لە دوای شکستهێنانی لێکتێگەیشتنەکەی ئەم دواییەی نێوان تاران و واشنگتۆن هاتن؛ ڕێککەوتنێکی ژیۆپۆلیتیکی کە تێیدا ڕێژیمی ئێران، ماف و ئەمنییەتی خەڵکی بە تەواوی پشتگوێ خستبوو.
بە وتەی ساتۆ، شەڕەنگێزییەکانی ڕێژیم لە مانگی ڕەشەمەی ١٤٠٤ەوە تا ئێستا، هەزاران کوژراو و چەند میلیۆن ئاوارەی لێکەوتووەتەوە و ژێرخانە گرنگەکانی وڵاتی وەک بەندەرەکان، کارەبا و هێڵی شەمەندەفەر وێران کردووە.
خاڵی شۆکهێنەر لێرەدایە کە ڕێژیمی ئێران نەک هەر پارێزگاری لە گیانی هاووڵاتییان لە بەرانبەر هێرشەکاندا ناکات، بەڵکوو هاوکات لەگەڵ چڕبوونەوەی قەیرانەکە، سەرکوت و سێدارەی دژی ناڕازیانیی نێوخۆیی خێراتر کردووە.
بەردەوامیی ئەم سیاسەتە وێرانکەرانەیە، کۆمەڵانی خەڵکی لە ژێر باری هەژاری، نائەمنی و سێبەری شەڕدا بە تەنیا جێهێشتووە.