کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەرەسەندنی گوشاری هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم دژی عەرەبە سوننەکانی ئەهواز

12:35 - 19 پووشپەڕ 2726

هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە درێژەی هەوڵی سەرکوتکردنی نەتەوە غەیرە فارسەکانی ئێران، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا نزیک بە ٢٠ کەسی عەرەبی سوننەیان لە ئەهواز بەشێوەی توندوتیژانە دەسبەسەر کردووە.

ڕێکخراوی مافی مرۆیی "کاروون" کە تایبەت بە پێشێلکارییە مافی مرۆییەکانی عەرەبەکانی ئێرانە، ڕۆژی پێجشەممە ١٨ی پووشپەڕ، لە ڕاپۆرتێکدا باسی لە دەسبەسەرکرانی ١٨ لاوی و مێرمنداڵی عەرەبی سوننەی ئەهواز بە شێوەی توندوتیژانە لەلایەن ناوەندە بەناو ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی تارانەوە کردووە.

ڕێکخراوی کاروون ئاماژەی بەوە دا کە زۆربەی ئەو دەسبەسەرکراوانە تەمەنیان خوارووی ١٨ ساڵ بووە و لە کاتی دەسبەسەرکراندا بە توندی لێیان دراوە و ئەشکەنجە کراون.

بەپێی هەمان ڕاپۆرت، هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم ئەو کەسانەیان لەسەر شەقام و لەپێش چاوی خەڵکدا دەسبەسەر کردووە و ئەوەش بووەتە هۆی ترس و دڵەراوکێی خەڵکی ئەو شارە.

ڕێکخراوی مافی مرۆیی کاروون نیگەرانیی خۆی لەبارەی شەپۆلی نوێی دەسبەسەرکرانەکان، هەڵسوکەوتی نامرۆڤانەی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی دژ بە عەرەبە سوننەکان مەحکووم کرد و ئەو هەوڵانەی بە پێشێلکردنی مافی بنەڕەتیی مرۆڤ لەوانەش مافی ئازادی، ئەمنییەتیی تاکەکەسی، دووری لە هەڵسوکەوتی نامرۆڤانە و سووکایەتی زانیوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوە مافی مرۆییەکان، لە دوای شەڕەکانی ١٢ و ٤٠ ڕۆژە، گوشاری ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی تاران بۆ سەر چین و توێژە جیاوازەکانی نەتەوە غەیرە فارسەکانی ئێران بەتایبەت کورد، بەلووچ و عەرەبەکان زۆر زیاتر پەرەی سەندووە و لە ئێستادا شەپۆلێکی نوێی گوشارەکان دژی چالاکانی مەدەنی، فەرهەنگی و سیاسیی ئەو نەتەوانە دەستی پێکردووە.