هەواڵدەریی "سی ئێن ئێن" لە ڕاپۆرتێکی تایبەتدا، کە بە پشتبەستن بە وێنە ماهوارەییەکانی "دامەزراوەی زانست و ئەمنییەتی نێودەوڵەتی" ئامادە کراوە، ئاشکرای کرد کە کۆماری ئیسلامیی ئێران خەریکی بونیادنانەوەی ژێرخانە ئەتۆمی و کۆگاکانی مووشەک لە تەورێز و کرماشانە.
ئەم چالاکییانە گومانێکی جیددییان دروست کردووە کە تاران لێکتێگەیشتنی مانگی ژوئەنی ڕابردووی لەگەڵ واشنگتۆن پێشێل کردبێت، کە تێیدا بەڵێنی دابوو دۆخی بەرنامە ئەتۆمییەکەی وەک خۆی بهێڵێتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، وێنەکان گۆڕانکاریی بەردەوام و هاتوچۆی بارهەڵگرەکانیان لە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی "کێوی کەلەنگ گەزلا" و "پاڕچین" تۆمار کردووە.
هاوکات لە کەرتی سەربازیشدا، نیشانەکانی نۆژەنکردنەوە لە کۆگایەکی مووشەکی لە تەورێز بەدی کراوە.
ڕێژیم هەروەها لە کرماشانیش خەریکی هەڵکەندنی زەوییە بۆ کردنەوەی دەروازەی چوونەژوورەوەی کۆگا مووشەکییەکەی ئەو شارە.
ئەم بەڵگانە لە کاتێکدا ئاشکرا دەبن کە گرژییەکانی نێوان هەردوو لایەن گەیشتوونەتە لووتکە.
تەنیا چەند ڕۆژ پێش ئێستا و لە کاردانەوە بە هێرشەکانی تاران بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە ناوچەکە، سەرۆککۆماری ئەمریکا ڕایگەیاندبوو کە ئاگربەست لەگەڵ ڕێژیمی ئێران بە تەواوی کۆتایی هاتووە.