بهپێی ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی "ئاکسیۆس" کە هەواڵدەریی فەرانسە (AFP) بڵاوی کردووەتەوە، سێ بەرپرسی ئەمریکا ئاشکرایان کردووە کە دەوڵەتی ترامپ تا ڕۆژی شەممە مۆڵەتی داوەتە ئێران بۆ ئەوەی بە فەرمی پێبەندبوونی خۆی بە ڕاگرتنی هێرشەکان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هۆرمۆز ڕابگەیەنێت، بە پێچەوانەوە تاران ڕووبەڕووی "دەرئەنجامێکی نادیار" دەبێتەوە.
ئاکسیۆس ئاماژەی بەوە کردووە کە واشنگتۆن دەیەوێت تاران بە ئاشکرا بچێتە ژێر بڕیاری کردنەوەی ئەم ڕێڕەوە ئاوییە ستراتێژییە و بەڵێن بدات کە سەرجەم هێڵەکانی کەشتیوانی بەبێ وەرگرتنی باج بە کراوەیی بمێننەوە.
هاوکات لەگەڵ ئەم گوشارانە، چاوەڕوان دەکرێت عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە مسقەت لەگەڵ بەدر ئەلبوسەیدی، وەزیری دەرەوەی عومان کۆ ببێتەوە؛ ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵە نێوبژیوانە ناوچەییەکان بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و زیندووکردنەوەی دانوستانە ئەتۆمییەکانە.
بەرپرسێکی ئەمریکا بە توندی هۆشداری داوە و بە ئاکسیۆسی ڕاگەیاندووە: "ئەگەر ئێران بەڵێنی ئاشکرا نەدات، ئەمڕۆ ڕۆژێکی باش نابێت بۆیان."