لە دوای گرینگینەدانی وڵاتانی ناوچە و جیهان بە ڕێوڕەسمی ناشتنی عەلی خامنەیی ڕێبەری پێشووی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، سێناتۆرێکی ئوسترالیایی لەبارەی خامنەییەوە وتی: "خامنەیی شایانی هیچ ڕێزێک نییە".
سێناتۆر ڕاف چیکۆنی، سەرۆکی کۆمیتەی هاوبەشی زانیاری و ئەمنییەتی پارلەمانی ئوسترالیا، لە وتووێژێکدا پێداگریی لەسەر وتەکانی سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکەی کردەوە کە ڕایگەیاندبوو بۆ مردنی خامنەیی شینگێڕیی ناکەن و وتی: "عەلی خامنەیی شایانی هیچ ڕێزلێنانێک نییە".
چیکۆنی ڕاشیگەیاند کە "نابێت بۆ کەسێک شینگێڕیی بکەین کە مایەی دەرد و ڕەنجی خەڵکی خۆی بووە، دەیان هەزار هاووڵاتیی خۆی تەنیا لەبەر ئەوەی داوای مافی خۆیان کردووە، کوشتووە".
هەروەها ئەو سێناتۆرەی ئوسترالیا لەبارەی عەلی خامنەیی و ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە ڕایگەیاند: "ئێمە لەپاڵ تێرۆریستاندا ڕاناوەستین".
سەرۆکی کۆمیتەی هاوبەشی زانیاری و ئەمنییەتی پارلەمانی ئوسترالیا نیگەرانیی جیددیی خۆی لەمەڕ هەوڵە شەڕەنگێزییەکانی ئەم دواییانەی کۆماری ئیسلامی دەربڕی و ئەو کردەوانەی بەتوندی مەحکووم کرد.
هەروەها چیکۆنی پێداگریی لەسەر ئەوە کردەوە کە کۆماری ئیسلامی نابێت هیچکات دەستی بە چەکی ناوکی بگات.
ناوبراو لە کۆتاییدا ڕوو لە خەڵکی ئێران ڕایگەیاند: "لە خەباتی خۆیان بەردەوام بن، چونکە ئەو حکوومەتانەی خەڵکی خۆیان سەرکوت دەکەن، لە ئاکامدا شکست دەخۆن".