وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا ڕۆژی هەینی سزای نوێی بەسەر سەرمایەدارێکی ڕێژیمدا سەپاند کە بە بەڕێوەبردنی داراییەکانی موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری ڕێژیمی ئیسلامی تۆمەتبارە.
هاوكات سزای بەسەر چەندین نوسینگەی گۆڕینەوەی دراودا سەپاند کە دەوترێت میلیاردها دۆلاریان بۆ بانکە سزادراوەکانی ئێران گواستووەتەوە.
وەزارەتی خەزێنەداری ڕایگەیاندووە کە ئەم هەنگاوە لە پاش هێرشە دووبارەبووەکانی ئێران بۆ سەر کەشتیوانیی نێودەوڵەتی لە گەرووی هۆرمۆز هاتووە.
لەم هەوڵە نوێیەدا، واشنگتۆن سزای بەسەر "عەلی ئەنساری" هاووڵاتیی ئێرانیی دانیشتووی ئێماراتدا سەپاند و ناوبراوی بە سەرپەرستیکردنی تۆڕێکی جیهانیی خانووبەرە و داراییە بازرگانییەکان کە قازانجەکەی بۆ خامنەیی، تاقمی دەسەڵاتداری ڕێژیم و سپای پاسدارانە تۆمەتباری کرد.
سکات بێسێنت، وەزیری خەزێنەداریی ئەمریکا ڕایگەیاند: "ئەو کەسەی پێی دەوترێت ڕێبەری باڵا لە گۆشەگیریدا خۆی شاردووەتەوە، لە کاتێکدا ڕێژیمەکەی بەرەو داڕمان دەچێت. خەزێنەداریی ئەمریکا لە بەکارهێنانی هەر ئامرازێک کە لەبەر دەستیدا بێت بۆ دابڕینی ئەو و تاقمی حاکمی ڕێژیم لە سیستەمی دارایی جیهانی بەردەوام دەبێت."
هەروەها وەزارەتی خەزێنەداری سزاكانی بەسەر چەندین نووسینگەی ئاڵوگۆڕی دراوی ئێرانی، بەڕێوەبەرەکانیان و کۆمپانیا سێبەرەکانیاندا سەپاند کە تۆمەتبارن بە جێبەجێکردن و پاراستنی میلیاردها دۆلار بۆ بانکە گەمارۆدراوەکان.
بەپێی ئەم بڕیارە، سەرجەم دارایی و بەرژەوەندییەکانی ئەم کەس و کۆمپانیایانە لە ناو خاکی ئەمریکادا بلۆکە دەکرێن.