کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شۆرای ئەمنییەت: کۆماری ئیسلامی نابێت دەستی بە چەکی ناوکی بگات

10:00 - 20 پووشپەڕ 2726

لە نوێترین بڕیاری شۆرای ئەمنییەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا پێداگری لەسەر ڕێگری لە دەسپێڕاگەیشتنی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بە چەکی ناوکی کراوەتەوە.

ڕۆژی هەینی ١٩ی پووشپەڕ، شۆرای ئەمنییەت لە کۆبوونەوەیەکدا لە بنکەی سەرەکیی خۆی بۆ جارێکی دیکە بەنیسبەت دۆسییەی ناوکیی ڕێژیم ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هیچ کات و بارودۆخێکدا نابێت دەستی بە چەکی ناوکی بگات.

لەو کۆبوونەوەیەدا، ئەندامانی ئەو شۆرایە بە تێکڕای دەنگ، لەسەر بڕیارەکان لە دژی کۆماری ئیسلامی هاوڕا بوون.

هەروەها ئەندامانی ئەو شۆرایە نیگەرانیی خۆیان لەمەڕ شەڕفرۆشییەکانی ئەم دواییانەی ڕێژیم، دۆخی ئاڵۆزی گەرووی هۆرمۆز، هێرشی ڕێژیمی تاران بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە و نەبوونی ئامارێکی دروست لە چەندایەتیی پاشەکەوتی ئۆرانیۆمی پێتێندراو دەربڕی.

لە ڕاپۆرتی سکرتێری گشتیی شۆرای ئەمنییەت و ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکیدا هاتووە کە هەتا ئێستا لەسەر دۆخی ئۆرانیۆمی پێتێندراوی ڕێژیمی تاران، چەندایەتی و شوێنی ڕاگرتنەکەی زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

هەروەها جێگری نوێنەری ئەمریکا لەو شۆرایە بەنیسبەت هێرشی ڕێژیم بۆ سەر ژێرخانی سەربازی و ئابووری و کەشتییە بازرگانییەکانی عەرەبستان، قەتەر، بەحرەین و ئۆردۆن هۆشداریی دا و ڕایگەیاند کە ئەگەر ئێران جارێکی دیکە لە هێرشکردنەسەر کەشتیی بازرگانی و شوێنی نیشتەجێبوونی خەڵکی ئاسایی وڵاتانی کەنداو بەردەوام بێت، ئەمریکا بەدڵنیاییەوە بە توندی ڕووبەڕووی دەبێتەوە.

هەروەها نوێنەری بەحرەین لەو شۆرایەدا ڕایگەیاند دۆخی ناوچەکە بە یەکێک لە مەترسیدارترین ساتەوەختەکانی ئاڵوزی خۆی لە مێژووی هاوچەرخدا تێدەپەڕێت و کۆماری ئیسلامی هۆکاری هەموو ئەو ئاڵۆزی و نائارامییەیە.

نوێنەری بەحرەین ڕاشیگەیاند کە کۆماری ئیسلامی دیپلۆماسی تەنیا بۆ کڕینی کات و کەمکردنەوەی گوشارە نێونەتەوەییەکان بەکار دینێت، نەک بۆ سەقامگیریی و ڕێککەوتن.