کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یێسرائیل کاتس: بە هێزێکی زۆر وێرانکەرترەوە دەگەڕێینەوە بۆ سەر ئێران

10:18 - 20 پووشپەڕ 2726

هاوکات لەگەڵ ڕاگەیاندنی کۆتاییهاتنی ئاگربەست لەلایەن دۆناڵد ترامپەوە، سەرکردەکانی ئیسرائیل ئامادەیی خۆیان بۆ سێیەمین هێرشی گەورە بۆ سەر ئێران ڕادەگەیەنن. بەرپرسێکی ئەمریکاش بە "فاکس نیوز"ی ڕایگەیاندووە کە واشنگتۆن لە نزیکەوە لەگەڵ ئیسرائیل لە هاواهەنگیدایە.

یێسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ڕایگەیاند: "ئەرتەش بۆ دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنەکان، گەڕاندنەوەی باڵادەستیی ئاسمانی و ئەنجامدانی هێرشێکی سەربەخۆ دژی ئێران بۆ لەنێوبردنی هەڕەشەکان، تەنانەت بۆ جاری سێیەم، لە ئامادەباشی تەواودایە."

کاتس هەروەها هۆشداری دا کە ئەگەر ناچار بن، بە هێزێکی زۆر وێرانکەرترەوە دەگەڕێنەوە.

هاوکات، بێنیامین نێتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل جەختی کردەوە کە شەڕی ئەوان دژی ئێران کۆتایی نەهاتووە و ڕایگەیاند جیا لە هەر ڕێککەوتنێک لەگەڵ واشنگتۆن، ڕێگە بە تاران نادرێت ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی و وتی ئێمە بۆ هەر سێناریۆیەک ئامادەین.

لەلایەکی دیکەوە، کاناڵی "سی ئێن ئێن" لە زاری سەرچاوەکانیەوە بڵاوی کردەوە کە دەوڵەتی ترامپ نایەوێت ئیسرائیل بەشداریی ڕاستەوخۆ لە هێرشە نوێیەکانی ئەمریکادا بکات و نێتانیاهووش لەژێر گوشاری واشنگتۆندایە.

بەڵام بەرپرسێکی ئەمریکایی ئەم ڕاپۆرتەی ڕەت کردەوە و ڕایگەیاند کە هاواهەنگیی نزیکی نێوانیان لە ئۆپەراسیۆنەکانی وەک "چەکوشی نیوەشەو" و "تووڕەیی حەماسی" بەردەوامە.