لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی "عەلیڕەزا هێممەتی"، چالاکی مەدەنی و پیشەیی مامۆستایان لە شاری ئاودانانی سەر بە پارێزگای ئیلام.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "کوردپا"، وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە ڕایگەیاند کە ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی پووشپەڕ، هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم بە شێوەیەکی کتوپڕ هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی "عەلیڕەزا هێممەتی" و مۆبایل و لەپتاپەکەیان زەوت کردووە.
ئەم هێزانە هاوکات لەگەڵ دروستکردنی کەشێکی ترس و تۆقاندن بۆ بنەماڵەکەی و وێڕای پشکنینی ماڵەکەی و دەسبەسەرداگرتنی کەلوپەلە تایبەتییەکانی، ناوبراویان بانگی دادگای ئینقلاب کردووە و دەبێت ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی پووشپەڕ لە دادگای ئینقلابی ڕێژیم لە ئیلام ئامادە بێت.
عەلیڕەزا هێممەتی، هاووڵاتیی کوردی تەمەن ٤٩ ساڵ، مامۆستای وەزارەتی پەروەردەیە و خاوەنی ٢٨ ساڵ پێشینەی خزمەتە.
ناوبراو پێشتر لە هاوینی ١٤٠٢دا بەهۆی بەشداریکردنی لە کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی مامۆستایان و پشتیوانیکردنی لە بزووتنەوەی ژینا لە ساڵی ١٤٠١، بۆ ماوەی سێ مانگ لە کارەکەی دوور خرابووەوە.