دۆناڵد ترامپ سەرۆککۆماری ئەمریکا بەنیسبەت هەڕەشەی تێرۆرکرانی لەلایەن بەرپرسانی کۆماری ئیسلامییەوە دژکردەوەی توندی نیشان دا و ڕایگەیاند ئەگەر کۆماری ئیسلامی بە کردەوە هەوڵی تێرۆرکردنی بدات، بە هەزاران مووشەک وڵامی دەدەنەوە.
دۆناڵد ترامپ لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "تروس سۆشیاڵ" نووسیویەتی: "هەزاران مووشەک ئامادەی هاویشتن بەرەو کۆماری ئیسلامین، ئەگەر کۆماری ئیسلامی لە هەڕەشەکردن بەردەوام بێت و هەوڵەکانی بۆ تێرۆرکردنم بخاتە گەڕ، بەخێرایی هەزاران مووشەکیان تێدەگرین".
ناوبراو بانگەشەی ئەوەشی کرد کە بڕیارە پێویستەکان لەوبارەوە دراوە و ئەرتەشی ئەمریکا بۆ دەورەیەکی یەکساڵە کە توانای درێژکردنەوەشی هەیە، ئامادەیە و دەتوانێت تەواوی ناوچەکانی ئێران بە تەواوی لەنێو ببات".
پێشتر سی ئێن ئێن و واڵ ستریت ژۆرناڵ بە پشتبەستن بە دوو سەرچاوەی ئیسرائیلی ڕاپۆرتێکیان بڵاو کردبووەوە کە تێیدا ئاماژە بەوە درابوو کە بەپێی زانیارییەکانی ئیسرائیل کە ئەمریکامان لێ ئاگادار کردووەتەوە، کۆماری ئیسلامی لە ڕەوتی ڕێوڕەسمی ناشتنی خامنەییدا، گەڵاڵەی تێرۆری دۆناڵد ترامپی داڕشتووە.
ناوەندە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا پێشتریش لەبارەی ئەگەری تێرۆری ترامپ لەلایەن هێزە تێرۆریستییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە هۆشداریی جیددییان دابوو.