کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی دایکی دوو پێشمەرگەی کوردستان لە کامێران

11:39 - 20 پووشپەڕ 2726

ڕۆژی شەممە ۲۰ی پووشپەڕی ١٤٠٥، دایە ڕەزیە حەمیدی لەدایکبووی ئاوایی خامسان و دایکی دوو پێشمەرگەی کوردستان، بەهۆی جەڵتەی دڵەوە و لە تەمەنی ۷۷ ساڵیدا لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری سنە کۆچی دوایی کرد.

کچ و کوڕێکی دایە ڕەزیە بە ناوەکانی هەتاو و سدێق وەیسانی چەندین ساڵە لە ڕیزی پێشمەرگەکانی کوردستاندا خزمەت دەکەن.

دایە ڕەزیە بەهۆی پێشمەرگەبوونی ڕۆڵەکانی و بیری نیشتمانپەروەریی خۆیەوە چەندین جار لەلایەن ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە بانگ کراوە و تووشی ئازار و ئەزیەت بووەتەوە.

هەروەها لە دوای مووشەکبارانی ئەم دواییانەی بنکەکانی حیزبی دێموکرات دایە ڕەزیە بانگی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم دەکرێت و پێی ڕادەگەیەنن کە ماڵی منداڵەکانتمان سووتاندووە و هەر بەو هۆیەوە ناوبراو تووشی جەڵتە دڵ دەبێ و دوای چەند ڕۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە بەداخەوە کۆچی دوایی کرد.

نابراو هەتا دوایین ساتەکانی ژیانی وەفادار بە ڕێبازی حیزبی دێموکرات و ڕۆڵە پێشمەرگەکانی مایەوە و هەموو ئاواتی ئازادیی کورد و کوردستان بوو.

کوڕێکی دیکەی دایە ڕەزیە بە ناوی سامان وەیسانی ئەندامی تەشکیلاتی ئاشکرای حیزبی دێموکراتە و ئێستا لە دەرەوەی وڵاتە.

تەرمی دایە ڕەزیە لەنێو ئاپۆڕای خەڵکی ناوچەکە و لە ئاوایی خامسان بە خاک سپێردرا.

ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵەی ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خۆی دەزانێت.