کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێداگریی موجتەبا خامنەیی لەسەر تۆڵەسەندنەوەی خوێنی باوکی

17:43 - 20 پووشپەڕ 2726

موجتەبا خامنەیی ڕێبەری نوێی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و کوڕی عەلی خامنەیی ڕێبەری کوژراوی ئەو ڕێژیمە باسی لە تۆڵەسەندنەوەی خوێنی باوکی کرد و نووسیویەتی: "بەدڵنیاییەوە ئەو کارە دەبێت بکرێت".

ئەمڕۆ شەممە ٢٠ی پووشپەڕ، موجتەبا خامنەیی لە پەیامێکدا بەبۆنەی ناشتنی تەرمی عەلی خامنەییەوە نووسیویەتی: "تۆڵەکردنەوە خواستی خەڵکی ئێرانە و بەڵێن دەدەم تۆڵەی خوێنی باوکم لە بکوژانی تاوانبار و بێ ئابڕوو بکەمەوە".

ڕێبەری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئاماژەی بەوەش کردووە کە "ناوی ئەو تاوانبارانەی کە لە سەرەوە هەتا خوارەوە لە پێڕستی ئێمەدان، ئاواتی مردنێکی ئارام دەبەنە نێو گۆڕەوە".

ناوبراو باسی لەوەش کردووە کە "بکوژان دەبێت بزانن کە ئەو بڕیارە، بڕیاری من یان بەرپرسانی دیکە نییە، بەڵکوو خواستی هەموو خەڵکی ئێرانە".

لە درێژەدا نووسیویەتی: "ئێمە بمێنین یان نەمێنین ئەو بڕیارە جێبەجێ دەبێت، بە زوویی کەسانی ئازا لە سەرانسەری جیهان پەیدا دەبن کە ئەو پێئەسپێردراوە ئیلاهییە ئەنجام بدەن".

پێشتریش بەرپرسانی سیاسی و سەربازیی ڕێژیم ڕاستەوخۆ هەڕەشەی  تۆڵەسەندنەوەی خوێنی خامنەییان لە ترامپ و نێتانیاهوو کردبوو، لە بەرانبەردا ترامپ ئەمڕۆ شەممە ڕایگەیاند کە هەر هەڕەشە و هەوڵێکی تێرۆر بە هەزاران مووشەک وڵام دەداتەوە و هەموو بنکە و بارەگاکانی کۆماری ئیسلامی لە سەرانسەری ئێران لەنێو دەبات.