کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل ئامادەکاری بۆ هێرشێکی بێ‌وێنە دژی کۆماری ئیسلامی دەکات

17:46 - 20 پووشپەڕ 2726

میدیاکانی ئیسرائیل ڕایانگەیاند ئەرتەشی وڵاتەکەیان بە ڕەچاوکردنی ئەگەری شەڕی نوێی نێوان ئەمریکا و ئێران یان هێرشی سپای پاسداران، پلانە سەربازییەکانی بۆ لێدان لە ژێرخانەکانی کۆماری ئیسلامی تەواو کردووە، بەڵام بێنیامین نێتانیاهوو پێی باشترە ئێستا نەچێتە نێو ئەم ململانێیەوە.

ڕۆژنامەی "مەعاریۆ" لە زاری سەرچاوەیەکی ئەمنییەتییەوە نووسی: "ئەگەر سەرکردایەتیی سیاسی بڕیاری شەڕ بدات، ئەرتەش شتێک بەدەست دەهێنێت کە لە ململانێکانی پێشوودا بەدی نەهاتبوو."

ناوبراو ئامادەیی بەهێزی هێزە ئاسمانییەکانی ئەمریکای لە ئیسرائیل وەک بەڵگەیەک بۆ توانای بەرەنگاربوونەوەی هەر جۆرە سێناریۆیەکی گرژی هێنایەوە.

بانکی ئامانجە نوێیەکانی ئیسرائیل ئەمجارە دامەزراوەکانی نەوت و گاز بەتایبەت لە "دوورگەی خارک"، وێستگەکانی کارەبا و تۆڕی گواستنەوە دەگرێتەوە بۆ ئەوەی قورسترین زیان بە ئابووریی ئێران بگات.

ئەو سەرچاوەیە وتی: "ئەم ئامانجانە پێشتر لەبەر هاواهەنگی لەگەڵ واشنگتۆن لێیان نەدرا، بەڵام ئەمجارە دەکرێنە ئامانج، چونکە تاران تەنیا لە زمانی هێز تێدەگات."

ئەم گرژییانە دوای ئەوە دێن کە دۆناڵد ترامپ کۆتاییهاتنی ئاگربەستی ڕاگەیاند و هاوکات لەگەڵ داواکاریی ئەمریکا بۆ کراوەهێشتنەوەی گەرووی هۆرمۆز، عەباس عێراقچی بۆ دۆزینەوەی دەربازبوون لەم بنبەستە نوێیە سەردانی عومانی کردووە.