کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی حیزبی دێموکرات بەبۆنەی ٣٧ ساڵەی تێرۆری د. قاسملوو و هاوڕێیانی لە ڤییەن

08:38 - 21 پووشپەڕ 2726

خەڵکی مافخواز خەباتکاری کوردستان!

حیزب و لایەنە سیاسییەکانی ئێران و کوردستان!

کادر و پێشمەرگە و ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستان!

٣٧ ساڵ بەر لە ئێستا و لە ڕۆژی ٢٢ی پووشپەڕی ١٣٦٨ی هەتاوی (١٣ی جوولای ١٩٨٩ی زایینی) دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هاوڕێ لەگەڵ کاک عه‌بدوڵڵا‌ قادری‌ئازه‌ر، ئه‌ندامی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی، لە ڤییەنی پێته‌ختی وڵاتی ئۆتریش، لەسەر مێزی دانوستان بە دەستی بەناو دیپلۆمات بەڵام تێرۆریستەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران شه‌هید کران.

تێرۆری دەوڵەتیی د. قاسملوو بە دەستی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، یەکێک لەو ڕووداوانەیە لە یادەوەریی خەڵکی کوردستاندا ماوەتەوە و دەشمێنێتەوە. پەنابردنی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ تێرۆری دوکتور قاسملوو، سەلمێنەری ئەو ڕاستییە بوو کە ڕێژێم توانای بەربەرەکانی لەگەڵ ڕێبازی سیاسیی حیزبی دێموکرات و جووڵانەوەی میللی دێموکراتیکی کوردستانی نەبوو. بەڵام دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی بە هەڵەدا چوون، چونکە تێرۆری دوکتور قاسملوو نەک نەبوو بە هۆی لەنێوبردنی ڕێبازی فکری و سیاسیی دوکتور قاسملوو، بەڵکوو دەبینین خەباتی نەتەوەیی و مافخوازانەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەک بزووتنەوەیەکی جەماوەری و خاوەن ڕەوایەتییەکی مێژوویی قووڵ و سەردەمیانە، لە ڕێڕەوەی خۆی بەردەوامە و ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ لە پەرەسەندن‌دایە.

دوکتور قاسملوو، تەنیا ڕێبەرێکی حیزبی نەبوو، بەڵکوو زانا و بلیمەتێکی لێهاتوو بوو کە بە پشتبەستن بە پاشخانە ئەکادیمی و سیاسی، چ بە تیۆری و چ بە کردەوە، بزووتنەوەی کوردی لە فۆرمی نەریتی دەرباز کرد و بە دیپلۆماسییەکی ژیرانە و بە  گوتارێکی کوردستانی و مۆدێڕن، وێنەیەکی سەردەمیانەی لە پرسی ڕەوای نەتەوەکەی بە دنیای دەرەوە پێشان دا و خەباتی مافخوازانەی نەتەوەکەی بردە سەر سەکۆی دیپلۆماسیی وڵاتان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان. هەموو هەوڵی د. قاسملوو ئەوە بوو پرسی نەتەوەیی کورد لە چوارچێوەی پرەنسیپە ئاشتیخواز و دێموکراتیکەکاندا چارەسەر بکات.

دوکتور قاسملوو بە وردبینی و  دیپلۆماسییەکی بەهێزەوە توانی  چەمکگەلی وەک مافی نەتەوەیی، کوردایەتی و خەبات و بەرگریی چەکداری هاوسەنگ بکات و ڕێوشوێن و  ڕەهەندەکانی خەبات و تێکۆشانی حیزبی دێموکرات ئاوێتەی پڕەنسیپە سەرەکییەکانی وەک نەتەوەییبوون، دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، ئازادیی سیاسی و دێموکراسیخوازی بکات.

لە کاتێکدا دەسەڵاتدارانی ئێرانی هەموو جیاوازییەکی فیکرییان بە تێرۆر و سەرکوت وەڵام دەدایەوە، دوکتور قاسملوو پێشنیاری مۆدێلێکی سیاسیی دەکرد کە تیایدا پرسی نەتەوەیی گرێدراوی پاراستنی کەرامەتی مرۆیی و دێموکراسییەکی قووڵ بێت. ئەمڕۆ پاش نیزیک چوار دەیە ئەو هزرەی قاسملوو کە "دێموکراسی" بە بنەمای چارەسەری دەزانێت، بووەتە قەڵغانی بەرگریی کۆمەڵگەی کوردستان بەرانبەر بە هەر جۆرە بیرێکی توندڕەوانە و پاوانخوازانە. ئەمە ئەوکاتەیە کە میراتی قاسملوو لە چوارچێوەی ڕێکخراوەیەک دەردەچێت و دەبێتە ئاسۆی ڕوانین و ڕێنوێنی نەتەوەیەک بۆ دژایەتیی دەسەڵاتی ستەمکار و گەیشتن بە کۆمەڵگەیەکی ئازاد و بەختەوەر.

ساتوسەودای وڵاتانی ئوروپایی بە تایبەتی وڵاتی ئوتریش لەگەڵ ئێران و چاوپۆشی  یاسایی و سیاسیی لە تێرۆریزمی دەوڵەتیی کۆماری ئیسلامی، بە تایبەتی تێرۆری دوکتور قاسملوو، لە ساڵانی دواتردا دەرفەت و بواری ئەوەی بە کۆماری ئیسلامی دا بەرەبەرە لەو وڵاتانە پەرە بە "دیپلۆماسیی تێرۆر" بدات و پەل‌وپۆ بۆ پێتەختی زۆر لە وڵاتانی ئورووپایی بهاوێ. ئێستا دوای ٣٧ساڵ کاتێک بە وردی لە پەیوەندیی نێوان ئەو کردەوە تێرۆریستییانە و دۆخی هەنووکەیی ناوچەکە و هێرشەکانی ڕێژیم بۆ سەر حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و، وڵاتانی عەرەبیی ناوچەکە وهەریمی کوردستانی -عیراق دەڕوانین، دەبینین لە ئێستادا ئەو ڕێژیمەی د. قاسملوو وەک ڕێبەری حیزبێکی نەتەوەیی ودێموکراسیخواز دژی وەستایەوە، بۆتە گەورەترین هەڕەشە بۆ سەر ئەمنییەت و سەقامگیریی جیهان و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست.

٣٧ ساڵ دوای تێرۆری ڤییەن و بەردەوامیی کۆماری ئیسلامی لە هەناردەکردنی شۆرشی ئیسلامی و تێرۆر و شەڕفرۆشتن بەوڵاتانی دەوروبەر و ناسەقامگیرکردنی ناوچەکە لە ئاکامدا ئێرانیان تووشی شەڕێکی مالوێرانکەر کردووە کە لە ئێستادا بەردەوامبوونی ئەم سیاسەتە و لێکەوتەکانی دۆخی شەڕ، کۆمەڵگەی ئێرانی لە بواری کۆمەڵایەتی وئابووری وسیاسییەوە خستووەتە لێواری داڕمانێکی تەواو کە مەشروعییەتی ئەو ڕێژیمەی لە گشتییەتی خۆیدا بردووەتە ژێر پرسیار.

لە ئێستادا ڕێژیم بۆ داپۆشین و قەرەبووکردنەوەی شکست و پاشەکشە دەرەکییەکانی خۆی، نێوخۆی ئێرانی کردووەتە گۆڕەپانی سەرکوت و کوشتن و تۆقاندن و لەو نێوەشدا کوردستانی ئێران وەک جوگرافیایەکی سەرەکیی سەرکوتی سیستماتیک زیاتر کەوتووەتە بەر گوشاری هێزە ئەمنییەتیەکانی ڕێژیم. لە بەرانبەر ئەم دۆخە پڕ لە قەیرانەی پێکهاتەی دەسەڵات و کۆمەڵگەی ئێراندا کە ڕێژیم لەوپەڕی دڕندەیی و لە هەمان کاتدا لەوپەڕی لاوازیی خۆی‌دایە، بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد پێویستی بە تێگەیشتنێکی قووڵ لە هێزی نێوخۆ و عامڵییەتی خۆی هەیە. ئەرکی هێزە سیاسییەکان و تاک و کۆی کۆمەڵگەی کوردستانە ڕیزەکانی هاوخەباتی و خۆڕاگریی خۆیان پتەوتر بکەن. تێپەڕاندنی ئاڵنگارییەکانی ئەم سەردەمە نوێیە و بەرپەرچدانەوەی هەڕەشە و هێرشەکانی ڕێژیم بۆ سەر کوردستان، زەروورەتی ئەم هاوخەباتییە زیاتر دەردەخات.

 ئێستا کە ئیرادەیەکی نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵات لە ئارادایە، بەدڵنیاییەوە لە ئاسۆی سەرکەوتن نزیکترین. حیزبی دێموکرات هەمووکات لەسەر ئەو باوەڕە بووە کە سەرکەوتن بەسەر ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە گرەوی یەکڕیزی و خەباتی بەرفراوان لەگەڵ نەتەوە بندەستەکان و هێزە ئازادیخوازەکانی ئێران‌دایە.

ئەمڕۆ، هێزی جەماوەریی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەک سەرمایەیەکی بەرفراوان و بەرینی کۆمەڵایەتی و سیاسی، تەنیا هەر هێزی دژایەتی و بەرگری لە بەرانبەر دەسەڵاتی ناوەندیدا نییە، بەڵکوو هێزێکە بۆ بنیاتنانەوە. ئەم سەرمایە لەبن‌نەهاتووە کە هێزی گۆڕانکارییە، بەرهەمی دەیان ساڵ خەباتی پێشمەرگانە و سیاسی و مەدەنییانەی کۆمەڵگەی کوردستانە کە بە خوێنی شەهیدان و خەبات و تێکۆشانی کوردستانیان بەرهەم هاتووە.

خەڵکی خەباتکاری کوردستان!

٣٧ ساڵ لەو پێش ئەگەر حاکمییەتی کۆماری ئیسلامی پێی وابوو هزری قاسملوو لەگەڵ جەستەیدا دەسڕێتەوە، مێژوو سەڵماندی ئەوان بە هەڵەدا چوون چونکە نەوەکانی دوای د. قاسملوو چوار دەیە بە تێگەیشتنەوە ئەویان وەک ڕێبەر و ڕێبازی فیکریی خۆیان هەڵبژاردووە. بۆیە بەرزڕاگرتنی یادی شەهیدکرانی دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو و هاوڕێیانی، وێستگەیەکی گرنگە بۆ نوێکردنەوەی پەیمان لەگەڵ ئەو ڕێبازەی کە قاسملوو، ڕێبەر و دارێژەری بووە. لەم ڕووەوە گەڕانەوە بۆ ئەو سەرمایە فکرییەی دکتور قاسملوو، واتە سەرلەنوێ خوێندنەوەی ئەو ئامانجە بەرزانە کە لە پێناویدا شەهید بووە و پێویستیی بەخۆ ماندوو کردن و فیداکاری و تیکۆشانی بەردەوامە.

لە ٣٧ ساڵەی تێرۆری ڤییەندا سەری ڕێز دادەنوێنین لە بەرانبەر گیانی پاکی شەهید دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی و هەموو ئەو شەهیدانەی لە ڕێگای ئازادیی کوردستاندا، گیانی پاکی خۆیان بەخت کردووە، بە تایبەت تازەترین شەهیدانی سوورخەڵاتی ئەم دواییانەی کوردستان و پەیمانی وەفا و درێژەدان بە خەباتی پڕشکۆی نەتەوەکەمان لەگەڵ ڕۆحی پاکی ڕێبەرانی شەهیدمان نوێ دەکەینەوە.

 

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەستەی کارگێڕی

٢١ی پووشپەڕی ١٤٠٥ (١٢/٧/٢٠٢٦)