گرژی و ئاڵۆزییەکان لە گەرووی هۆرمۆز بەردەوامە و ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بە گرتنەبەری سیاسەتی شەڕەنگێزیی خۆی ئەو ڕێگەئاوییەی نائارام کردووە و لە نوێترین هەڵوێستدا، سپای تێرۆریستیی پاسداران ڕایگەیاند هەتا کاتێکی نادیار گەرووی هۆرمۆز بە تەواوی دادەخەین.
ڕۆژی شەممە ٢٠ ی پووشپەڕ، سپای پاسداران لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: "بەهۆی ئەوەی بێگانەکان بە شێوەی نایاسایی لە کاروباری گەرووی هۆرمۆزدا دەستێوەردان دەکەن، هەتا ئاگادارکردنەوەی دواتر ئەو ڕێگەئاوییە دەبەستین".
لەو بەیاننامەیەدا هاتووە کە "هەتا ئەمریکا لە دەستێوەردانی لە کاروباری ناوچەکە بەردەوام بێت، ڕێگە بە هیچ بەلەم و کەشتییەک نادەین هاتوچۆ بکات".
هەروەها ئەو هێزە تێرۆریستییەی ڕێژیم هۆشداریی دا کە لە ئەگەری هەر "هەڵە یان دەستدرێژییەک"دا هەموو بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە بە توندییەکی زیاترەوە دەکاتە ئامانج.
هاوکات هەواڵدەریی "فارس" سەر بە سپای پاسداران ڕایگەیاند دوابەدوای ئەو بەیاننامەیە هێزی دەریایی سپا کەشتییەکی بارزگانیی بەهۆی ئەوەی ڕێنوێنی و هەڕەشەکانی لە بەرچاو نەگرتووە، بە مووشەکی کرووز کردووەتە ئامانج.