کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بایکۆتکردنی دادگای ئینقلابی ڕێژیم لەلایەن وریشە مورادی

09:09 - 21 پووشپەڕ 2726

"وریشە مورادی"، بەندکراوی سیاسیی کوردی بەندکراو لە بەندیخانەی ئێڤین، بانگی لقی ١٥ی دادگای ئینقلابی تاران کرا، بەڵام دادگای ڕێژیمی بە فەرمی نەناسی و ئامادە نەبوو لە دانیشتنەکەدا بەشداری بکات.

گوڵڕوخ ئیرایی، هاوبەندیی پێشووی وریشە مورادی، ڕۆژی شەممە ٢٠ی پووشپەڕ لە پەیامێکدا لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی: "وریشە دوای سێ ساڵ بەندکران و پێنج مانگ ژووری تاکەکەسی، پاش ئەوەی سزای سێدارەکەی لەلایەن دیوان باڵای ڕێژیمەوە بەهۆی کەموکۆڕی لە لێکۆڵینەوەکاندا هەڵوەشایەوە، دووبارە لەلایەن دادوەر سەڵەواتییەوە بانگی دادگا کرایەوە، بەڵام ئەو ئامادە نەبوو بچێتە دادگا."

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، وریشە مورادی لە ماوەی بەندکرانەکەیدا بە بەردەوامی ڕووبەڕووی چەندین سزای قورس و بەربەست بووەتەوە؛ بۆ ماوەی چەندین مانگ بە فەرمانی دادوەر لە مافی پەیوەندیی تلفۆنی بێبەش کراوە و لە قۆناغێکیشدا ڕێگەی پێ نەدراوە چاوی بە بنەماڵەکەی بکەوێت.

هاوكات، ناردنی ئەم بەندکراوە سیاسییە بۆ نەخۆشخانە، دەستڕاگەیشتنی بە خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان و وەرگرتنی دەرمان هەمیشە لەلایەن بەرپرسانی ئەمنییەتی و دادوەریی ڕێژیمی ئیسلامییەوە ڕێگری لێ کراوە.