کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا شەپۆلی نوێی هێرشەکانی دژ بە ڕێژیمی تاران دەست پێکردەوە

09:26 - 21 پووشپەڕ 2726

دوابەدوای هێرشی سپای تێرۆریستیی پاسدارانی ڕێژیم بۆ سەر کەشتییەکی بازرگانیی دیکە لە گەرووی هۆرمۆز، ئەرتەشی ئەمریکا سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ گەڕێکی نوێ لە هێرشەکانی بۆ سەر بنکەکانی ڕێژیم لە گەرووی هۆرمۆز و باشووری ئێران دەست پێکرد.

سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە ٢١ی پووشپەڕ، ئەرتەشی ئەمریکا لە دووتوێی بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە "سپای پاسداران کەشتییەکی بارزگانی لە گەرووی هۆرمۆز کردە ئامانج و بەهۆی ئەوەی ئێران بە بەڵێنی و ڕێککەوتننامە پێبەند و دەروەست نییە، لە بەرانبەردا تواناییە سەربازییەکانی ئێران لەنێو دەبەین هەتا چیتر نەتوانێت کەشتییەکان بکاتە ئامانج".

لەو بەیاننامەی ئەرتەشی ئەمریکادا هاتووە کە ئەو هێرشانە بە فەرمانی ڕاستەوخۆی دۆناڵد ترامپ بەڕێوە چووە.

هاوکات دەنگوڕەنگی ڕێژیم باسیان لە چەند تەقینەوەیەکی بەهێز لە مینابی پارێزگای هۆرمۆزگان و چەند شاری خووزستان، عەسەلوویە، دیر و کەنگان لە پارێزگای بووشێهر کردووە.

هەروەها هەواڵدەرییەکانی سەر بە سپای پاسداران ١٢ تەقینەوە لە پارێزگای بووشێهر، ١٠ تەقینەوە لە جاسک و چەند تەقینەوەیەکی دیکە لە کنارەکیان پشتڕاست کردەوە.

هەروەها سپای پاسداران باسی لە چالاککردنی سیستەمە دژە ئاسمانییەکان لە پارێزگا باشوورییەکانی ئیران کردووە.