کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوژرانی شوانێکی باشووری کوردستان بە تەقەی هێزەکانی سپای پاسداران

10:02 - 21 پووشپەڕ 2726

شوانێکی خەڵکی باشووری کوردستان، لە ناوچە سنوورییەکانی قەزای سیدەکان بە تەقەی هێزەکانی سپای تێرۆریستیی پاسداران گیانی لەدەست دا.

ڕۆژی شەممە ٢٠ی پووشپەڕ، شوانێکی خەڵکی باشووری کوردستان بە ناوی "ڕێباز سلێمان هەرکی" کە لە بەرزاییەکانی "خنێران" لە ناوچەی سیدەکان خەریکی شوانی بووە، بە تەقەی هێزەکانی سپای تێرۆریستی پاسداران کوژرا.

هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ڕایگەیاند، ڕێباز سلێمان هەرکی لەو سنوورە خەریکی ئاژەڵداری بووە.

ناوبراو سەبارەت بە چۆنیەتیی ڕووداوەکە ڕوونی کردەوە، دوای ئەوەی مەڕوماڵاتی ئەو شوانە چوونەتە ناو سنووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ناوبراو ویستوویەتی بیانهێنێتەوە، بەڵام لەلایەن سپای پاسدارانەوە تەقەی لێکراوە و دەستبەجێ گیانی لەدەست داوە.

سەرەڕای ئەوەش، هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم تا ئێستا تەرمی ئەو شوانەیان ڕادەست نەکردووەتەوە و دەستیان بەسەر هەموو مەڕ و ماڵاتەکەیدا کە نزیکەی ٨٥٠ سەر بوون، گرتووە.

ڕێژیمی دژەکوردی کۆماری ئیسلامی ئێران دەیان ساڵە لەژێر ناوی پاراستنی سنوورەکان، بە ئەنقەست تەقە لە کۆڵبەران و ئاژەڵداران و خەڵکی مەدەنی لە هەر دوو سنووری ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان دەکات و ساڵانە دەیان کەسی بێتاوان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕێژیم گیانی خۆیان لە دەست دەدەن.