ئێوارەی ڕۆژی شەممە ٢٠ی پووشپەڕی ١٤٠٥، کۆمیتەی نۆروێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەبۆنەی ٢٢ی پووشپەڕ، ساڵڕۆژی تێرۆری دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو و هاوڕێیانی، وێبنارێکی تایبەتی لە چوارچێوەی میراتی سیاسی و فکریی ئەو ڕێبەرە ناسراوەی کورد و لێکۆڵینەوە لەسەر بیر و ڕوانگەکانی، بۆ هاوڕێی بەڕێز کەریم پەرویزی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی ناوەندی تەشکیلاتی ئاشکرا لە پلاتفۆرمی زووم ڕێک خست.
وێبینارەکە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی چەند ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێکرد.
لە سەرەتای بەرنامەکەدا، شلێر باپیری پێشکەشکاری وێبینارەکە، بەخێرهاتنی بەشداربووانی کرد و ئامانجی دانیشتنەکەی ڕوون کردەوە و ئاماژەی بەوە دا کە یادکردنەوە لە دوکتور قاسملوو تەنها یادکردنەوەی مێژوویی نییە، بەڵکو هەوڵێکە بۆ گەڕانەوە بۆ میراتی فکری، سیاسی و خوێندنەوەی ئەو بیرۆکانە بەپێی پێویستییەکانی ئەمڕۆ.
لە بەشی سەرەکیی وێبینارەکەدا، بەڕێز کەریم پەرویزی بەوردی باسی لە کەسایەتی و بیرکردنەوەی دوکتور قاسملوو کرد و ئاماژەی بەوە دا کە ناساندنی ئەو تەنها وەک ڕێبەرێکی سیاسیی نییە، بەڵکوو دوکتور قاسملوو بیرمەندێکی بەتوانا و شارەزا لە بواری ئابووریی سیاسی، نووسەر، شیکار و توێژەرێک بوو کە لە بواری ئەدەبیات، سیاسەت، کۆمەڵناسی و ئابووریدا بەرهەمی بەنرخی بەجێ هێشتووە.
ناوبراو لە درێژەی باسەکەیدا ئاماژەی بەوە دا کە خەبات لە ڕوانگەی دوکتور قاسملوووە تەنیا خەباتی چەکداری نەبوو، بەڵکوو هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە، نووسین، ڕەخنە، ڕێکخستن و خەباتی مەدەنیش واتا و گرینگیی تایبەتی خۆی هەبوو. هەروەها ڕێبەری شەهیدمان لە توێژینەوەکانی خۆیدا بە ڕەخنە لە هەر دوو سیستەمی سەرمایەداری و کۆمۆنیزم، هەوڵی دۆزینەوەی ڕێگایەکی سێیەمی داوە واتە سۆسیالیزمی دێموکراتیک.
بەشێکی دیکەی وێبینارەکە تەرخان کرا بۆ بیرکردنەوەی دوکتور قاسملوو سەبارەت بە ئاشتی.
بەڕێز کەریم پەرویزی ئاماژەی بەوە دا کە لە ڕوانگەی دکتور قاسملوودا، ئاشتی بە واتای خۆشخیاڵی نییە، بەڵکوو بەرهەمی هێز، گفتوگۆ و چارەسەری سیاسیی کێشەکانە. بەڕێزیان باسیان لەوە کرد کە قاسملوو باوەڕی وابوو کێشەی کورد لە ئێران کێشەیەکی ئەمنییەتی نییە، بەڵکوو پرسێکی سیاسی و نەتەوەییە و تەنیا لە ڕێگای گفتوگۆ و داننان بە مافە نەتەوەییەکان چارەسەر دەبێت. لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، کەریم پەرویزی گرنگیی بەوە دا کە باشترین شێوازی پاراستنی بیر و میراتی دوکتور قاسملوو ئەوەیە کە مێتۆدی بیرکردنەوە و شیکردنەوەی ڕێبەری شەهید لە چارەسەری کێشەکانی ئێستادا بەکار بهێندرێت.
لە کۆتایی وێبنارەکەدا بەشداربووان سەرنج و تێبینیەکانی خۆیان باس کرد، کە لەلایەن کۆڕگێڕەوە وڵام درانەوە.