کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی سپەیسێک بۆ جێگری سکرتێری حیزبی دێموکرات لە پێوەندی لەگەڵ شەڕی ئەمریکا و ئێران

11:04 - 21 پووشپەڕ 2726

ڕۆژی شەممە  ڕێکەوتی ٢٠ی پووشپەڕی ١٤٠٥  لەلایان بەشی سۆشیاڵ میدیای حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە لە دەرەوەی وڵات سپەیسێک لە پلاتفۆرمی ئێکس بۆ بەڕێز کاک مستەفا مەولوودی جێگری سکرتێری گشیی حیزب بەڕێوە چوو.

سەرەتای بەرنامەکە بە سروودی ئەی ڕەقیب دەستی پێکرد.

بەڕێز مەولوودی لە بەباتەکەی خۆیدا باسی لەوە کرد کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ماهییەتی قەیرانسازی هەیە بۆ ئەمەش کۆمەڵێک نموونەی هێنایەوە کە بریتی بوون لە هەناردەکردنی شۆڕش، داگیرکردنی باڵوێزخانەی ئەمریکا، دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتانی درواسێ،  شەڕی ٧ی ئۆکتۆبر کە ئاکامی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانن و ئێران پشتیوان و دارێژەری تەواوی ئەو شەڕە بوو.

ناوراو باسی لەوە کرد کە شەڕی چل ڕۆژەی ئێران و ئەمریکا خەساری زۆر قورسی بۆ ڕێژیمی ئێران و گەلانی ئێرانیش هەبوو، بەڵام هۆکاری سەرەکیی ئەو شەڕە خودی ڕێژیم و سیاسەتەکانی بوو.

بەڕێز مەلوودی لە درێژەدا وتی: ئێران خۆی بە براوەی شەڕ دەزانێ بەڵام تەنیا بەرگی براوەی خۆی بە نەڕووخان و مانەوەی خۆی دەزانێ. کۆماری ئیسلامی ناتوانێ واز لە دروستکردنی چەکی ئەتۆمی بهێنێ و هەروەها ناتوانێ واز لە پشتیوانیکردن لە پرۆکسییەکانی بێنێ. جیا لە هەموو بابەتەکان، گەورەترین کێشە و ئاستەنگی ئەو ڕێژیمە، گەلانی ئێران و خەڵکی ئەو وڵاتەن. کۆماری ئیسلامی ناتوانێ قەیرانەکانی چارەسەر بکا، چونکە بۆخۆی خولقێنەری قەیرانەکانە.

ناوبراو لە دریژەدا باسی لەوە کرد کە ڕێکەوتننامەی نێوان ئەمریکا و ئێران کێشەکانی ئێران چارەسەر ناکا. لە گەرووی هۆرمۆز وەک کارتێک بۆخۆی کەلک وەردەگرێ، بەڵام لە ئێستادا خەریکە دەبێتە خاڵی لاوازی. سیاسەتی ئەو ڕێژیمە، دوژمنی زیاتری بۆ خۆی دروست کردووە  و ئەو شەڕەی ئێستا خەساری بە وڵاتانی دەروروبەر گەیاندووە. ئەو ڕێژیمە تووشی کۆمەڵێک قەیرانی بریاڕدان و سیستماتیک لە بواری سیاسی و ئیدارییەوە بووەتەوە و لە ئێستادا کاری ئێمە خۆ ڕێکخستن، خۆ بەهێزکردن و هەوڵدان بۆ بەهێزکردنی سیاسەتی حیزبی دێموکرات و دامەزراندنی سیستەمێکی دێموکراتیکی فێدراڵ بۆ دەستەبەرکردنی مافەکان و ویستی خەڵک و بەشداری لە بەڕێوە بردنی وڵاتە.

بەڕێز مەولوودی ڕایگەیاند: حیزبی دێموکرات هەوڵ دەدا کە بە یەگگرتوویی هەموو هێز و دەنگەکان، زیاترین ئامانج و ویستی خەڵک وەدی بهێنێ بۆیە لەو بوارەوە زۆر بەجیددی کار دەکا و هەوڵ دەدا لەگەڵ هەموو هێزەکان دیالۆگ بکا، بۆ ئەوەی زمانحاڵێکی سیاسیی یەکدەنگ دروست بکا. بوونی حیزب، بوێری و مافخوازی، ڕانەوەستان لە بەرانبەر کۆماری ئیسلامی لە خووەکانی گەلی کوردە.
کۆتا بڕگەی برنامەکە پرسیاری بەشداربووان بوو کە لەلایان بەڕێزیانەوە وڵام درایەوە.