کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێنتکام: ١٤٠ ئامانجی سەربازیی ئێرانمان لەنێو بردووە

11:39 - 21 پووشپەڕ 2726

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا "سێنتکام" لەبارەی وردەکاریی نوێی هێرشەکانی سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ بۆ سەر بنکەکانی ڕێژیم لە باشووری ئێران ڕایگەیاند؛ کە "١٤٠ ئامانجی سەربازیی گرنگی ئێرانمان لە پارێزگاکانی خووزستان، بووشێهر و هۆرمۆزگان لەنێو بردووە".

ئەمڕۆ یەکشەممە ٢١ی پووشپەڕ، سێنتکام لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: "هێزەکانی ئەمریکا لە ئۆپەراسیۆنێکی ورددا، ١٤٠ ئامانجی سەربازیی ئێرانیان لە ڕێگەی هێرشەکانی هێزی دەریایی، ئاسمانی، پەهبادی و کەشتیی سەربازییەوە بە تەواوی لەنێو بردووە".

بەپێی ئەو بەیاننامەیە، لە ڕەوتی ئەو هێرشانەدا، سایتی مووشەکی و دڕۆنی، کەرەستەی سەربازیی دەریایی، دامەزراوەکانی پاشەکەوتی تەقەمەنی، تۆڕەکانی پێوەندی و شوێنی چاوەدێریی کەناراوەکانی ڕێژیم لەنێو براوە.

هەروەها سێنتکام ڕایگەیاند: "بە فەرمانی ڕاستەوخۆی سەرۆککۆماری ئەمریکا، لە سێ شەودا زیاتر لە ٣٠٠ ئامانجی سەربازیی ئێران لەنێو براون".

بەپێی زانیارییەکانی ئەو ناوەندە سەربازییە، بەهۆی ئەو هێرشانەوە توانا سەربازییەکانی ئێران لە گەرووی هۆرمۆز بە تەواوی لاواز بووە.

لە کۆتاییدا سێنتکام ڕایگەیاند لە ڕێگەئاوی نێونەتەوەیی گەرووی هۆرمۆزدا هاتوچۆی کەشتییە بازرگانییەکان بە تەواوی ئازادە و بەربەستێک نییە.

ئەوە لەکاتێکدایە کە سپای پاسداران لە کاتژمێرە سەرەتاییەکانی ئەمڕۆدا ڕایگەیاند بەهۆی دەستێوەردانەکانی ئەمریکاوە گەرووی هۆرمۆز دادەخات و هەتا کاتێکی نادیار ناکرێتەوە و ئەوەی سەرپێچیش لەو بڕیارە بکات بە توندی ڕووبەڕووی دەبنەوە.