کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەستدرێژییەکانی ڕێژیمی تاران وڵاتانی کەنداوی وەزاڵە هێناوە

11:51 - 21 پووشپەڕ 2726

لە دوای هێرشە پێچەوانەکانی ئەمریکا و ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دژ بە یەکتر، وڵاتانی کەنداو ڕایانگەیاند بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانی سپای پاسداران لە ئامادەباشیدان و ئامادەیی خۆیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر هێرشێکی ئەو ڕێژیمە ئامادە کردووە.

سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، وەزارەتی بەرگریی ئێمارات لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: "هەر ئێستا ڕووبەڕووی هێرشی مووشەکی و دڕۆنیی دەستدرێژیکارانە و دوژمنکارانەی ئێران بووینەتەوە".

وەزارەتی بەرگریی ئێمارات ڕایگەیاند بۆ ئەو مەبەستە، هۆشداریمان بە هاووڵاتییانمان داوە کە بچنە پەناگای ئەمن و هێزەکانمان لە ئامادەباشیی تەواودان.

هاوکات لە وڵاتی بەحرەین ئاژیری ئاگادارکردنەوە لێ دراوە و سیستەمی دژەئاسمانی چالاک کراوەتەوە.

وەزارەتی بەرگریی بەحرەین لەوبارەوە ڕایگەیاند: "سیستەمی دژەئاسمانی ڕووبەڕووی ئەو هێرشە دەستدرێژیکارانەی ئێران بووەتەوە".

هەروەها وەزارەتی بەرگریی قەتەر باسیان لە تێکشکاندنی هێرشە مووشەکی و دڕۆنییەکانی ڕێژیمی تاران کردووە.

لەو پێوەندییەدا، ئەرتەشی کوەیت ڕایگەیاند کە "سیستەمی دژەئاسمانی و هێزەکانمان لە هەوڵی تێکشکاندن و ڕووبەڕووبوونەوەی دوژمنکارانەی بێگانە لە سنووری ئاسمانیی وڵاتەکەمانن".

وەزیری شەڕی ئەمریکا لەوبارەوە ڕایگەیاند: "ئێران بژاردەیەکی هەڵەی هەڵبژارد و دەبێت باجی ئەو هەڵەیەش بدات".