بڵاوکردنەوەی ئینفۆگرافیکێکی پڕوپاگەندەیی لەلایەن ڕۆژنامەی "هەمشەهری"ی سەر بە ڕێژیمی ئێران بە تیتیری "تۆڵەسەندنەوە حەتمییە"، پەردە لەسەر بەردەوامیی هەوڵەکانی تاران بۆ پەرەپێدانی تیرۆری نێودەوڵەتی لادەدات.
ئەم هەنگاوە هاوکاتە لەگەڵ هاندانی ئاشکرای موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری نوێی ڕێژیم، بۆ ئەنجامدانی کردەوەی تێرۆریستی دژی سەرکردەکانی وڵاتانی ڕۆژاوایی و ئیسرائیل، کاتێک لە پەیامێکدا ڕایدەگەیەنێت کە "تاوانباران ئاواتی مردنێکی ئارام دەبەنە گۆڕەوە".
لەم چوارچێوەیەدا، میدیای فەرمیی ڕێژیم وەک ئامانجی تێرۆر، وێنەی سەرکردە و بەرپرسانی باڵای ئەمریکای وەک دۆناڵد ترامپ، مارکۆ ڕۆبیۆ، پێت هێگسێت، برەد کوپێر و مایک هاکبی بڵاو کردووەتەوە.
هەروەها بەرپرسانی ئیسرائیل وەک بێنیامین نێتانیاهوو، یێسرائیل کاتس، گیدۆن ساعر و ئەیال زەمیر، لەگەڵ چوار سەرکردەی باڵای ئورووپایی؛ جۆرجیا مێلۆنی (ئیتالیا)، ئیمانوێل ماکرۆن (فەڕانسە)، کیێر ستارمێر (بریتانیا) و فرێدریش مێرتس (ئاڵمان) خراونەتە ناو لیستی تێرۆری نێودەوڵەتیی ڕێژیمەوە.
هاوکات هەواڵدەریی "مێهر"یش بە بڵاوکردنەوەی وتارێک، بە فەرمی داکۆکیی لەم جۆرە کردەوە تێرۆریستییانە کردووە.
ئەم ڕەفتار و هاندانە ڕاستەوخۆیانە بۆ توندوتیژی و تێکدانی ئەمنییەتی جیهانی، کاردانەوەی توندی نێودەوڵەتیی لێکەوتووەتەوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە کە ڕێژیمی ئێران دوای کۆمەڵکوژکردنی ٤٠ هەزار لە هاووڵاتییانی خۆی بەهۆی داواکردنی ئازادییەوە، ئێستا پەرە بە هاندانی توندوتیژی دژ بە سەرکردەی وڵاتە دێموکراتەکان دەدات.
لە لایەکی دیکەوە، مایک هاکبی، باڵیۆزی ئەمریکا ئاشکرای کردووە کە دەزگا هەواڵگرییەکان لەسەر بوونی "پلانێکی دیاریکراو" لەلایەن ئێرانەوە بۆ تیرۆركردنی دۆناڵد ترامپ زانیاریی ورد و حاشاهەڵنەگریان پێ داوە.
لە وڵامی ئەم هەڕەشە کۆنکرێتییانەی تێرۆری نێودەوڵەتیدا، ترامپ پێشتر ڕایگەیاندبوو کە فەرمانی بە ئەرتەشی ئەمریکا داوە لە ئەگەری ڕوودانی هەر جۆرە هێرشێکدا، کۆماری ئیسلامی بە تەواوی تێکبشکێنن و لەنێوی ببەن.