لە دوای هێرشە نوێیەکانی سپای تێرۆریستی پاسداران بۆ سەر چەند وڵاتێکی عەرەبیی دەوروبەری کەنداو لەوانەش قەتەر و عومان، محەممەدباقر قاڵیباف، سەرۆکی مەجلیس و سەرۆکی شاندی دانوستانکاری ڕێژیمی ئێران، لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ئاگادارییەکی دایە ئەمریکا و ڕایگەیاند کە سەردەمی ڕێککەوتنە یەکلایەنەکان کۆتایی هاتووە.
لە درێژەی ئەم پەیامەدا هاتووە: پێمان وتبوون: لەسەر بەڵێنەکانتان بمێننەوە یان باجەکەی بدەن.
قاڵیباف لە پەیامە نوێیەکەیدا وێنەیەکی بەشێک لە لێکتێگەیشتننامەی تاران و واشنگتۆنی بڵاو کردووەتەوە کە تێیدا هاتووە: ''ئێران ڕێوشوێنەکانی هاتوچۆی ئەمن لە گەرووی هۆرمۆز بۆ ماوەی ٦٠ ڕۆژ و بەبێ وەرگرتنی باج دیاری دەکات.''
لە ماوەی حەفتەی ڕابردوودا سپای پاسداران ئەو کەشتییانەی کردوونەتە ئامانج کە لە جیاتی ڕێڕەوی دڵخوازی ئێران، ڕێڕەوی باشووری گەرووی هۆرمۆز لە نزیک کەناراوەکانی عومانیان بەکار هێناوە.
دوو کەشتی کە لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا کراونەتە ئامانجی هێرشی مووشەکی، لە نزیک عومان لە هەوڵدا بوون لە گەرووی هۆرمۆز بچنە دەرەوە.