کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەریعەتمەداری: دەبێت هێرش بکەینە سەر ژێرخانەکانی ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی

12:10 - 21 پووشپەڕ 2726

حوسێن شەریعەتمەداری، یەکێک لە توندئاژۆکانی ڕێژیم و بەڕێوەبەری ڕۆژنامەی کەیھان، داوای فراوانکردنی مەودای هێرشەکانی ئێرانی بۆ سەر ژێرخانەکانی ئیسرائیل و خاکی وڵاتانی عەرەبی دراوسێ کرد.

شەریعەتمەداری وتی، ئەگەر مەودای مووشەکەکانمان بەشی ئەمریکا نەکات، دەبێت ئیسرائیل کە وەک ویلایەتێکی ئەمریکایە بکرێتە ئامانج تا گورزی وێرانکەر لە واشنگتۆن بدرێت.

شەریعەتمەداری ئێماراتی بە تۆمەتباری سەرەکی زانی و ڕایگەیاند کە بووەتە کۆگای چەک و جێگەی فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا.

ئەو ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەمریکا بۆ پاراستنی ئێمارات، هێرشەکانی لە بنکەکانی کوەیت، بەحرەین و ئوردنەوە دەکات؛ بۆیە هێرشکردنە سەر بنکەکانی ئەمریکا لەو وڵاتانە بە پێویست دەزانێت کە نابێت ڕابگیرێت.

ئەم توندئاژۆیەی ڕێژیم داوای ڕووبەڕووبوونەوەیەکی گشتگیری کرد و جەختی کردەوە کە ئەمریکا، ئیسرائیل و ئەو وڵاتە عەرەبییانە خاوەن یەک ناسنامەن و دەبێت هەموویان بخرێنە لیستی ئامانجە ڕەواکانی ئێرانەوە.

شەریعەتمەداری سەرەڕای هێرشکردنە سەر ئەم ناوەندانە، خوازیاری داخستنی گەرووی هۆرمۆز و بابولمەندەب بوو.